پێرێز و لوپیتیگی لە كۆبوونەوەیەكی نهێنیدا باسی بەرشەلۆنەیان كردووە

:: PM:12:37:19/09/2018 ‌

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی كۆبوونەوەیەكی نهێنی لەگەڵ راهێنەری تیپەكەی جولین لوپیتیگی ئەنجامداوە و تێیدا باسیان لە یانە ركابەرەكەیان بەرشەلۆنە كردووە.

رۆژنامەی (كۆنفدنسیال)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: ئەمڕۆ چوارشەم پێرێز و لوپیتیگی كۆبوونەوەیەكی داخراو و نهێنیان ئەنجامداوە پێش دەستپێكردنی ركابەرایەتییەكانیان لە وەرزی نوێی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

یانەكە ئەمڕۆ چوارشەم سەعات 10ی شەو بەكاتی كوردستان لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ مێوانداری یانەی رۆمای ئیتاڵی دەكات.

رۆژنامەكە ئاشكرای كرد: پێرێز تەنیا یەك داوای لە لوپیتیگی كردووە ئەویش بردنەوەی چوارەم ناسناوی لەسەریەكی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بووە، بەتایبەتیش كە ئەمساڵ یاریی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە لە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا و لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ بەڕێوەدەچێت.

سەرۆكی یانەی ریال مەدرید هەر لە كۆبوونەوەكەدا بە لوپیتیگی راگەیاندووە كە ئارەزوو دەكات یاریی كۆتایی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەرییان بێت.

چونكە بەسەركەوتن لەو یارییەدا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە بەسەركردایەتی لیۆنێل میسی سوودمەندی گەورە دەبن و دەیسەلمێنن ئەوان باشترین یانەی ئەوروپا و جیهانن.

دوایین رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە لە قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بوو لە ساڵی 2011 كە تێیدا یانە كەتەلۆنییەكە سەركەوتنی بەدەستهێنا و دواتریش لە یاریی كۆتاییدا لە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزیشی بردەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م