چۆن بە ڤیتامین ڕێ لە پیربوون دەگریت؟

:: PM:01:36:19/09/2018 ‌
ماسوولكەكانی دەموچاو هەموو كات بۆ قسەكردن و چاو تروكان و زۆر شتی تر بەكاردەهێنیت، ئەمە دەبێتە هۆی  هیلاكبوونی ماسوولكەكان، سەرەنجام خاوبوونەوەی پێست و نەمانی كۆلاجینی لێ دەكەوێتەوە، بەمشێوەیە مرۆڤ زوو پیر دەبێ و پێستی ڕووخساری تێك دەچێت.

زۆر گرنگە پێست بە شێوەیەكی سروشتی و پڕ و ساف بهێڵرێتەوە و پارێزگاری لێ بكرێت. بۆ ئەمەیش زۆر بەرهەمی جوانكاری هەیە كە پڕن لە كۆلاجینی دەستكرد و تەنیا ماوەیەكی كاتی پێست دەپارێزن، بەڵام بەكارهێنانی ئەم ڤیتامینانە پێست لە پیربوون دەپارێزێت و پارێزگاری لە پێكهاتەكانی پێست دەكات.

یەكەم: ڤیتامین E، ئەم ڤیتامینە پێست لە پیربوون و تیشكی سەروەنەوشەیی دەپارێزێت و پارێزگاری لە پەردەی خانەكان دەكات. جیا لەوە پێست شێدار دەكاتەوە و ڕێ لە وشكی پێست دەگرێت و بەشێوەیەكی گشتی لە ئاڤۆگادۆ و دانەوێڵەكان و تۆو چەرەزاتدا هەیە.

دووەم: ڤیتامین  C، بەشێوەیەكی گشتی ئەم ڤیتامینە یارمەتی بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری لەش دەدات و دەتوانێت لەش بپارێزێت لە ڕەگە ئازادەكان كە هۆكارێكە بۆ دروستبوونی چرچی پێست، ڤیتامین C یارمەتی بەرهەمهێنانی كۆلاجین دەدات و ڕێ لە دروستبوونی خاڵی قاوەیی دەگرێت، زیاتر لە بیبەری شیرین، پرتەقاڵ، توی فەرەنگی، لیمۆ، برۆكلیدا هەیە.

سێیەم: بێتاكارۆتین، ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە گەشەكردن و چاككردنەوەی شانەكانی پێست، پێست لە زیانەكانی تیشكی خۆر دەپارێزێت و زیاتر لە پەتاتەی شیرین، كولەكە، گێزەر، مانگۆ، قەیسیدا هەیە.

ئەگەر بتەوێت پێست لە پیربوون و چرچ بوون بپارێزیت ئەوا پێویستە ئەم ڤیتامینانە لە ژەمەخۆراكی رۆژانەدا هەبێت بۆ ئەوەی پێست بەردەوام بە تەندروستی و گەنجییەوە بمێنێتەوە.



وشە - ئاوات ئازاد