لە هەر پێنج چركەدا منداڵێك دەمرێت

:: PM:03:29:19/09/2018 ‌

سندووقی منداڵانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان "یۆنیسێف" ئاشكرای كرد، لە ساڵی 2017دا لە هەر پێنج چركەدا منداڵێكی خوار تەمەن 15 ساڵ لە دنیادا مردووە.

هەڵبەت رێكخراوەكە باسی لەوەش كردووە كە بە گشتی مردنی منداڵان ساڵ بە ساڵ روو لە كەمی دەكات، بەڵام كەمبوونەوەكە بە سستی بووە.

بەگوێرەی رادیۆ "زەمانێ" لە ساڵی 2017دا  شەش ملیۆن و 300 هەزار منداڵ گیانیان لە دەست داوە و زۆربەی ئەو منداڵانە لە ئەفریقا و باشووری ئاسیا لە دایك بوون.

یەكێك لە گرنگترین هۆكاری مردنی منداڵان بۆ كەمیی دەرمان لە لایەك و كەمیی ئاوی پاكی خواردنەوە لە لایەكی تر دەگەڕێتەوە و زۆر لەو منداڵانە لە كاتی لەدایكبوون تووشی سكچوون و مالاریا یان چەندان نەخۆشیی تر دەبن و گیان دەسپێرن.

 لە بارەی مردنی منداڵانی خوار پێنج ساڵ رێكخراوەكە باس لە باشتربوونی دۆخەكە دەكات و دەڵێت، بەراورد بە 28 ساڵ لەمەوبەر مردنی ئەو منداڵانە بۆ نیوە كەمی كردووە و ئەمەش دڵخۆشكەرە و پێویستە كار بكرێت بۆ ئەوەی رێ لە مردنی منداڵان بگیرێت.



وشە - سلێمان تاشان