مەسروور بارزانی: پرۆسه‌ی سیاسی عێراق لەسەر بنەمای هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی ڕاسته‌ڕێ بكرێتەوە

:: PM:04:09:19/09/2018 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ پونتوس مێلاندەر باڵوێزی سوید لە عێراق كۆ بووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، دەبێ پرۆسەی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشی ڕاستەقینە و سازان ڕاستەڕێ بكرێت و هیچ پێكهاتەیەك فەرامۆش نەكرێ.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقی فیدراڵ و پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاتوێ كرا، لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق مەسروور بارزانی ئاماژەی بە سیستەمی سیاسی و بەدگومانی نێوان پێكهاتەكان كرد و گوتی، پێویستە پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشی ڕاستەقینە و سازان لە بڕیارە چارەنووسسازەكان ڕاستەڕێ بكرێ و نابێ هیچ پێكهاتەیەك فەرامۆش بكرێ، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان هەست بەوە بكەن بەشێكن لەم وڵاتە.

لە بەرانبەردا باڵوێزی سوید لە عێراق، وێڕای خۆشحاڵی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و بەردەوامی پێشكەوتنەكان لە هەرێمی كوردستان، ئاماژە بە ڕۆڵی ڕەوەندی كود لە وڵاتەكەی دا و گوتی، ڕەوەندی كود بەشێوەیەكی زۆرباش تێكەڵاوی كۆمەڵگای سویدی بوون لە بوارە جیاكان چالاكن، لەبارەی سیستەمی سیاسی لە عێراقی فیدراڵیش گوتی، پشتیوانی لە سیستەمێكی بەهێز و هاوسەنگ و بنكەفرەوان دەكەن كە ڕەنگدانەوەی پێكهاتەكانی عێراق بێ و توانای دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی هەبێت.

لە درێژەی دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پێوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سوید لە بوارە جیاجیاكان كرا.



وشە - باز ئه‌حمه‌د