سەرۆك بارزانی: پارتی سەركەوتنی گەورە بەدەست دێنێ و حكوومەتێكی بەهێز دروست دەكات

:: PM:04:24:19/09/2018 ‌
سەرۆك بارزانی لە دیدارێكی لەگەڵ كەسایەتی و پیاوماقووڵانی هەولێر ئاشكرای كرد، كە پلانی ناحەزان سەرنەكەوت و ئارامی و ئاسایشی كوردستان تێكنەچوو. دووپاتی كردەوە كە پێویستە لە عێراق ئەنجوومەنی سیاسەتی ستراتیجی دروست بكرێ و هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان پێڕەو بكرێ. ئەوەیشی نەشاردەوە كە پارتی سەركەوتنی گەورە لە هەڵبژاردنی كوردستان بەدەست دەهێنێت و حكوومەتێكی بەهێز دێتە كایەوە كە چاكسازی ڕیشەیی لە سەرجەم بوارەكان بەرپا دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم سەرۆك بارزانی لە دیدارێكی لەگەڵ كەسایەتی و پیاوماقووڵان و نوێنەرانی پێكهاتە و چین و توێژەكانی شاری هەولێر ڕای گەیاند، خۆڕاگری و ڕەوشتی بەرزی بەهاناوەچوونی خەڵكی لێقەوماو و میواندۆستی خەڵكی هەولێر جێی سوپاس و بایەخە و ئێوە سەلماندووتانە نیشتمانپەوەر و خاوەن ڕەوشتێكی بەرزن، بەو ڕەوشتە بەرزەوە نەتانهێشت ئاسایشی شارەكەتان تێكبچێ و بەوەیش خزمەتێكی گەورەتان بە ئارامی و ئاسایشی كوردستان كرد.

لە دیدارەكە سەرۆك بارزانی هێمای بە ڕۆڵی جوامێرانەی خەڵكی شاری هەولێر كرد لە حەواندنەوە و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و میواندۆستییان و نموونەی دیاریی لە كاتی ئەنفالی بارزانییەكانەوە تا ئێستە كە هەمیشە میواندارێكی ڕووخۆش بوون، خەڵكی هەولێر سەرەڕای ئێش و ئازار و سەختییەكان بەو ڕەوشتە بەرزەیانەوە سەقامگیریی شارەكە و ناوچەكەیان تا ئاستێكی زۆر پاراست و هاوكارێكی گرینگیش بوون بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو كوردستان.

لە بەشێكی تری قسەكانی گوتی، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا هەموو هەوڵێكیان دا خەڵكی عێراق دژی گەلی كوردستان هان بدەن و جیاوازیی و كێشەكانی ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتداران بكەنە كێشەی نێوان كورد و عەرەب، بەڵام خۆشبەختانە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی مانگی ئایاری ڕابردوو ئەوەی دەرخست كە خەڵكی عێراق لەگەڵ ئەوان نین و خەڵك باوەڕیان بە چەواشەكارییەكانی ئەوان نەكردووە و ئەو دەموچاوانەیان سزا دا كە گەلی كوردستانیان ئازار داوە.

ڕوونی كردەوە ئەگەرچی ناحەزان پێیان وابوو پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی پشتیوانیی تەواوی بۆ ڕیفراندۆم كەوتووەتە ژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی و هەڵدەوەرێت، بەڵام دەركەوت كە بەهیمەتی كادران و جەماوەری گەلەكەمان، پارتی توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات و ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرد و ڕای گەیاندن ئێمە بەردەوام باوەڕمان وابووە كە تا لەگەڵ عێراق بین پێویستە باشترین پێوەندیمان هەبێت و هەمیشە ئاشتی و گفتوگۆ بژاردەی ئێمە بووە، ئێمە شەڕمان نەویستووە و دژی شەڕین، بەڵام كە ناچار كرابین ئەوە پارتی خۆی بەخت دەكات بۆ پاراستنی خاك و كەرامەتی گەلی كوردستان.

لەبارەی دانوستانەكانی ئێستەی نێوان لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە دانوستانی چڕ و تا ئاستێك تێگەیشتنێك هەیە بۆ ئەوەی كە پێویستە ئەنجوومەنێكی باڵای سیاسەتی ستراتیجی كە لایەنی كوردستانیش تێیدا بەشدار بێت دابمەزرێت، ئەویش بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێویستە بڕیارە ستراتیجییەكان لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن. ڕوونی كردەوە كە ئەو ئەنجوومەنە دەبێتە گرەنتییەك بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەكانی عێراق و ڕێگرتن لە بڕیاری تاكڕەوانە. ئێمە پێداگری دەكەین كە نابێ حوكمی تاكڕەوی هەبێت و پێویستە حكوومەت لەسەر سێ پرەنسیپی سەرەكی دابمەزرێت: شەراكەتی ڕاستەقینە لە بڕیارەكان كە بەبوونی ئەنجوومەنی باڵای سیاساتی ستراتیجی گرەنتی دەكرێت، پابەندبوون بە سازان لە دەرچوونی یاساكان و ڕاگرتنی هاوسەنگیی لە داودەزگاكانی حكوومەت لە نێوان پێكهاتەكاندا.

لەبارەی هەڵبژاردنی كوردستانیشەوە سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند، پشتیوان بە گەلەكەمان، پارتی سەركەوتنی گەورە وەدەست دەهێنێت و بەو سەركەوتنەش حكوومەتێكی بەهێز و تۆكمە دێتە كایەوە كە بتوانێ چاكسازیی ڕیشەیی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئیداریی هەرێمی كوردستان بكات.



وشە - باز ئه‌حمه‌د