میلیشیاكانی حەشد خانەقین تۆپباران دەكەن

:: PM:04:50:19/09/2018 ‌
چیتر خانەفین ئارام نییە و تا ئێستە دەیان هاووڵاتی بەهۆی تۆپبارانەوە بریندار بوونە، وێڕای ناڕەزایەتی خەڵكەكە، پۆلیس دەڵێ لیژنەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون پێكهێنراوە. بەرپرسێكی پارتیش دەڵێ پەنجەی تۆمەت بۆ میلیشیاكانی حەشد درێژ دەكرێت و چارەسەریش گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە.


ماوەی چەند رۆژێكە بە شێوەیەكی پچڕ پچڕی بەردەوام تۆپبارانی سەنتەری شارۆكەی خانەقین دەكرێت، كە شارۆكەیەكی كوردستانییە و دەكەوێتە سنووری ناوچەی مادەی 140 لە سنووری پارێزگای دیالە، لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ ئێران.

ئەو شارۆكەیە، یەكێكە لە شارۆكەكانی تر كە خەڵكەكەی تێكەڵەیەكن لە مەزەوی جیاواز و نەتەوەی جیاواز لە كورد و عەرەب و توركمان، لە دوای 2003ەوە لەلایەن كوردەوە ئیدارەی دەدرێت و پێشمەگەرش دەیپارێزێت، بەڵام دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و كشانەوەی پێشمەرگە لەو شارۆكەیە، ئێستە میلیشیاكانی حەشد كۆنتڕۆڵیان كردووە.


عیماد ئەڵوەندی، هاووڵاتییەكی كوردی دانیشتووی خانەقین دەڵێ ماوە ماوە دەنگی كەوتنە خوارەوەی تۆپێكی هاوەن لە گەڕەكێكی خانەقین دەبیستری، ئەمە بووەتە پرسێكی رۆژانە و ئەگەر رۆژێك هەواڵی كەوتنە خوارەوەی گولە هاوەنێك نەبیستی ئەوا دەبێتە جێی پرسیار.

ئەوەیشی خستە ڕوو كە بەهۆی كەوتنە خوارەوەی ئەو گولە هاوەنانە تا ئێستە چەند كەسێك گیانیان لە دەست داوە و چەندانی تریش بریندار بوونە و خەڵكیشی تەواو بێزار كردووە.

زیاتر گوتی، "خەڵكی خانەقین را نەهاتوون لەگەڵ كەوتنە خوارەوەی تۆپ و گولە هاوەن و دەنگی تەقە، چونكە لە دوای 2003ەوە ئێرە لەلایەن پێشمەرگەوە دەپارێزرێت، هیچ كێشەیەك تێیدا رووی نەداوە، بەڵام دوای هاتنی هێزەكانی حەشد و سوپای عێراقی، دۆخی تەناهی خانەقینیش تێكچووە".

ئەو تۆپبارانەی لە خانەقین روودەدات، ماوەیەكی زۆرە بەردەوامی هەیە، بەڵام بەمدواییانە حاڵەتەكە زیادی كردووە و خەڵكی شارەكەیش چەندانجار رژانە سەر شەقام و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام هیچی لە بارودۆخەكە نەگۆڕی.

خۆپێشاندانی خەڵكی خانەقین لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە ناوە ناوە دژ بە تێكچوونی باری تەناهی شارۆكەكە دەستی پێ كردووە و ئێستەیش بەردەوامی هەیە، بەتایبەت دوای چاندنی بۆمبی چێنراو لەسەر شەقامە گشتییەكانی كە بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتی بوونە قوربانی و بەرپرسانی تەناهی شارەكەیش داعش تۆمەتبار دەكەن بەو كارە، خەڵكی شارەكەیش داوا لە حكوومەت دەكەن لێپرسینەوە لە دۆخی خانەقین بكات.

عەبدولعەزیز حەسەن، بڕیاردەری لیژنەی تەناهی خولی پێشتری پەرلەمانی عێراق دەڵێ، رووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری زۆری بەسەر خانەقین هەبووە و دۆخی تەناهی ئەو شارەی كردووەتە ئامانج.

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشتر داوا لە عەبادی دەكات هەرچی زووە بڕیاری گەڕانەوەی هێزەكانی ئاسایش بۆ خانەقین دەربكات بۆ پاراستنی ناسنامەی كوردستانیبوونی شارەكە كە بەهۆی كردە تیرۆریستییەكان دەیان خانەوادەی كورد شارەكەیان چۆڵ كردووە، هۆشداریشی دایە حكوومەت لە داڕمان و تێكچوونی تەواوەتی دۆخی تەناهی خانەقین، گوتی "هەندێك گرووپی دیاریكراو هەن كار لەسەر گۆڕانكاری دیمۆگرافی شارەكە دەكەن و هێزە تەناهییەكانیش رێگریان لێ ناكەن".
 
لای خۆیەوە ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێ، دۆخی تەناهی خانەقین تەواو ئاڵۆز بووە بەهۆی بەردەوامی ئەو تۆپبارانە كە پەنجەی بەرپرسیاریەتی بۆ میلیشیاكانی حەشد رادەكێشرێت.

سالار حوسێن، سەركردە لە پارتی دیموكراتی كوردستان هێما بۆ ئەوە دەكات بەهۆی ئەو تۆپبارانە خەڵك هەیە گیانی لە دەست داوە و هەیە بریندارە، بەڵام لەوە مەترسیدار تر، ئەو گرووپانەن كە شەوانە بە ناوچەكاندا دەسوڕێنەوە و خەڵك تیرۆر دەكەن، ئەوانە گرووپی تایبەتمەندن و كاریان كوشتنی خەڵكە بەتایبەت كورد، گوتی "بەردەوامبوونی ئەو دۆخە، رەوشی خانەقین تەواو تێكدەدات بەتایبەت لە بێدەنگی هێزە تەناهییەكان".

زیاتر گوتی، "چەندانجار خەڵك خۆپێشاندانی كردووە و داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كردووە، بەڵام لایەنی بەرپرس گوێ لە داواكاری خەڵكەكە ناگرن".

ئەو بەرپرسەی پارتی روونی دەكاتەوە كە هێزەكانی سوپای عێراقی و میلیشیاكانی حەشد لە پاراستنی دۆخی تەناهی خانەقین بەرپرسن، بەڵام شكستیان هێناوە لە پاراستنی شارەكە، ئەمە جگە لەوەی پەنجەی تۆمەتی تۆپبارانكردنی شارەكە بۆ میلیشیاكانی حەشد درێژ دەكرێت.


لای خۆیەوە بەرپرسانی سوپای عێراقی روونی دەكەنەوە كە دۆخی تەناهی خانەقین "زۆر باشە" و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ ئاشكراكردنی ئەو لایەنەی تۆپبارانی گەڕەكەكانی خانەقین دەكات.

ئەفسەرێكی سوپای عێراق گوتی، "هێزە تەناهییەكان لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە و چاودێریكردن بۆ ئاشكراكردنی ئەو لایەنەی لە پشتەوەی تۆپبارانكردنی شارەكەیە، لە ئەگەری ئاشكرابوونی ئەوا ئەو كەسانە دەگیردرێن و دەدرێنە دادگا و گوتی، "بە بەراوردكردن بە ناوچەكانی تر دۆخی خانەقین زۆر باشە، بەڵام كوردەكان دەیانەوێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە، ئەمەیش پرسێكە پێویستی بە بڕیارێكی سیاسی هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا، خۆ ئەگەر لەكاتی گەڕانەوەیشیدا هاوئاهەنگی نەبێت لەگەڵ هێزەكانی عێراقی ئەوە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە لەبڕی سوودگەیاندن بە خانەقین، زیانی پێ دەگەیەنێت".



وشە - فه‌رمان سادق