پارتی: دەسەڵاتی كارگێڕیی سلێمانی لە بانگەشەكردن لە خزمەتی لایەنێكدایە

:: PM:04:59:19/09/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، لە سلێمانی بە بەرنامە پۆستەر و لافیتەی كاندیدانی پارتی دەدڕێنرێت، دەسەڵاتی كارگێڕیی شارەكەیش هیچ هاوكاری پارتی ناكات لە بانگەشەی هەڵبژاردن.

عەتا شێخ حەسەن ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان – سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تا ئێستە پۆستە و وێنەی كاندیدانی ئێمە لە شەقام و كۆڵانەكانی سنوورەكە دەدڕێنرێن و دەسووتێنرێن، بەشێكیشیان لێ كراونەتەوە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، سەرەڕای ئەوەی پۆستە و وێنەی كاندیدانمان بەوشێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێ، كەچی دەسەڵاتی كارگێڕی شارەكەیش وەك لایەنەكانی تر هاوكاریمان ناكات، لە كاتێك ئێمە بانگەشەی هەڵبژاردنمان لە هۆڵێك كردووە، كەچی بە ئەنقەست كارەبامان لەسەر كوژێنراوەتەوە، كەچی ڕۆژێك پێش ئێمە یەكێتی ئاهەنگی بانگەشەی لە هەمان هۆڵ ئەنجام دا، یەك چركەیش كارەبا نەبڕا و هیچ گرفتێكیان بۆ دروست نەكرا.

دووپاتی كردەوە، هەرچەندە ئەم حاڵەتانە جوان نین، چونكە لە كوردستان فرەحزبی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش ئەو كارانە ناتوانن كاریگەری لەسەر ویستی ئێمە بۆ سەرخستنی لیستی پارتی لە سلێمانی دابنێن و ساردمان بكەنەوە، دەبێ هاووڵاتییانی سنوورەكە ئەوە ببینن، كە كێ بەشێوەیەكی ڕاستەقینە خزمەتیان دەكات وەك شوێنەكانی تری كوردستان.

ئەو قسانەی بەرپرسەكەی پارتی لە سلێمانی لە كاتێكدایە، دوێنێ سێشەم وێنەیەكی گەورەی سەرۆكی لیستی یەكێتی لە عەنكاوە بەهۆی ڕەشەباوە كەوتە خوارەوە، بەڵام بەرپرس و كادرانی ناوچەی عەنكاوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، وێنەكەیان هەڵگرتەوە و بە پتەوی چەقاندیانەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە یەكێتی خۆی بە حزبێكی كراوە و سۆشیال دیموكرات دەناسێنێ، بەڵام لە سلێمانی پۆستەر و وێنەی كاندیدانی پارتی دەدڕێنێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د