جیا لە كاندیدانی یەكێتی و پارتی سێ كەسایەتی تر بۆ سەرۆك كۆمار كاندیدن

:: PM:06:06:19/09/2018 ‌

ئەمڕۆ یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان دوای گەڕانەوەی بۆ ناو حزبەكە، بەرهەم ساڵحی وەك كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار راگەیاند، هاوكات پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێ، بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتییە و ئێمەیش كاندیدی خۆمان هەیە، هاوكات تا ئێستە سێ كەسایەتی تر خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار  و دیاریكردنی بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی یەكێتی رای گەیاند، بەرهەم ساڵح بە فەرمی گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی و  وەك یەكێتی ئامادەن لەگەڵ پارتی قسە بكەن بۆ ئەوەی كورد بە دوو كاندیدی سەرۆك كۆمار نەچێتە بەغدا.

لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای راگەیاندنی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار گوتی، بەرهەم ساڵح كاندیدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی نییە و تەنیا كاندیدی یەكێتییە، ئێمە وەك پارتی كاندیدی خۆمان هەیە بۆ پۆستەكە، بێ ئەوەی ناوی ئاشكرا بكات.

جیا لە یەكێتی و پارتی هەریەك لە سەردار عەبدوڵا و عومەر بەرزنجی و كەمال قیتۆلی وەك كەسایەتی كورد ئەوانیش كاندیدبوونی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەیش كردووە كە لە پشكی كوردە و سێشەمی داهاتوو پەرلەمانی عێراق ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستەكە وەردەگرێت. 

شایەنی باسە سەردار عەبدوڵا سەركردەیەكی پێشوو و جیابووەوەی بزووتنەوەی گۆڕانە و عومەر بەرزنجی باڵوێزی عێراقە لە فاتیكان و د. كەمال قیتۆلی مامۆستای زانكۆی دهۆكە و كەسایەتییكەی فەیلییە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل