عەبادی.. بەدۆڕاوی ماڵئاوایی دەكات؟

:: PM:10:22:19/09/2018 ‌

تا بەر لە چەند مانگێك وا دیاربوو كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بێ هیچ هەڵەیەك رێگاكەی دەبڕێت، ئەو رۆڵی سەرەكی هەبوو لە سەركەوتن بەسەر داعش، جیا لە دەستكەوتی تر و پێشبینی دەكرا بە ئاسانی دووەم ویلایەتی سەرۆك وەزیرانی بەدەست بێنێتەوە، چونكە ئەمەریكا و رۆژئاوا پاڵپشتی بوون و ئەو كات وا دیار بوو كە یەكەم سەركردەی راستەقینەی عێراقە لە دوای سەردەمی تایفی.

 ئەوەی رۆیی پێشەكی راپۆرتێكی رۆژنامەی "لۆس ئەنجلس تایمز"ی ئەمەریكایی بوو كە تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ عەبادی بە تەنیا وەستاوە و هاوپەیمانیەتییەكەی هەڵوەشاوەتەوە و بنكەی جەماوەرییەكەیشی هەرەسی هێنا و هاوبەش و پاڵپشتانی سیاسی بۆ چەند گرووپێكی سەر بە ئێران دەستبەرداری بوون، بەڵام بەو پێیەی تا ئێستە سەرۆك وەزیرانە ئەوە پێوەرێكە بۆ نووچخواردنی نەیارانی لە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

پێنجشەمی رابردوو عەبادی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە ئاشكرا دانی بەوەدا نا كە رۆژانی دەسەڵاتەكەی كەمێكی ماوە و ئەو دەست بە دەسەڵات ناگرێت، كەوتنی عەبادی ئاستی توڕەییەكی زۆر لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی دیار دەخات، واتە ئێستە دەنگدەران زیاتر گرنگی بە توانا و دەستكەوتی سەرانیان دەدەن زیاتر لە لایەنگری تایفی و ئەتنیان، بۆ نموونە لە بەسڕە خۆپێشاندانێكی فرەوانی جەماوەری بەڕێوە چوو لەو شارەی زۆرینەی نەوتی عێراق دابین دەكات، بەڵام دانیشتوانی كارەبا و ئاوی خواردنەوەیان نییە، بۆیە دوای چوونی هەزاران كەس بۆ نەخۆشخانە بەهۆی پیسی ئاوەوە، خۆپێشاندانەكان روویان لە توندوتیژی كرد.  

بەو شێوەیە ناڕەزایەتییەكان بوونە گورزێك بۆ كاروانی دەسەڵاتی عەبادی، ئەگەرچی كێشەكانی ئەو زووتر دەستیان پێ كردبوو، رۆژنامەكە دەڵێ، پێشبینی نەدەكرا عەبادی كە ئەندازیارە و لە بەریتانیا دەژیا پێش گەڕانەوەی بۆ عێراق لە 2003دا لە ریزەكانی دوواوەی حزبی دەعوەوە بۆ دەركردنی نووری مالیكی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دیاری بكرێ لە سەرۆك وەزیران لە 20014. 

بۆیە دەتوانین بڵین كە عەبادی هەمان مالیكی نەبووە ئەو كەسایەتییە شیعە توندڕۆیەی زۆرێك لەوانە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف داوایان لێ كرد لابچێ، بەڵام عەبادی كە ئەویش شیعەیە و چەندان دەستكەوتی هەبوو لە بنیاتنانەوەی سوپای عێراق و سەركەوتن بەسەر داعش، بەڵام نیازە باشەكان لە بەرانبەر ئەویش بوونە هەڵم. چونكە ئەو سیایەتوانێكی دوودڵ بوو و بانگەشەی ئەوەی دەكرد رقی لە سیاسەت دەبێتەوە، ئەو شكستی هێنا لە جەنگی دژ بە گەندەڵی و نەیتوانی ئابووری عێراق لە پشتبەستن تەنیا بە نەوت رزگار بكات و ژمارەی فەرمانبەرانی گشتی كەم بكاتەوە و ئەوەیش گەنجینەی دەوڵەت شەكەت بوو، بۆیە كەمتەرخەمی ئەوی لێخست، وەك زۆرێك دەڵێن.

56%ی دەنگدەرانی بێزار لە گەندەڵی حكوومەتەكانی عێراق نەچوونە دەنگدان و ئەوانەیشی چوون لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر و هادی عامری بوون، بۆیە عەبادی ویستی لە رێگەی هاوپەیمانیكردن لەگەڵ سەدر خۆی بەهێز بكاتەوە كە تا پێش خۆپێشاندانەكانی بەسڕە هەلی هەبوو، بەڵام دوای ئەوە پەرلەمانتارانی سەر بە سەدر ئەوان داوای دەست لەكاركێشانەوەیان لە عەبادی كرد و چۆن لە 2014 هاتە ناو پرسەكە، ئەوجارەیش سیستانی لە هەفتەی رابردوو بەیاننامەیەكی دەركرد و رای گەیاند كە پاڵپشتی لە سەرۆك وەزیرانێك ناكات ئەگەر لەو سیاسییانە دیاری كرابێت كە لە ساڵانی رابردوو لە دەسەڵات بووبن. ئەو كارەی كەسانێك وایان لەقەڵەم دا كە دوورخستنەوەی عەبادی سەر بە ئەمەریكا بەدەستی ئێران بووە، دوای ئەوەی عەبادی بە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران رازی بوو كە مانگی رابردوو هاتە سەپاندن. 

ئەو شكستەی عەبادی تەنیا لە حكوومەت نەبوو، بەڵكو لە ناو حزبی دەعوەیش رەنگی دایەوە و سەرانی شوڕای حزبەكە درەك بەوە دەكەن كە زۆر نزیكە سەرۆكایەتی وەزیران لە دەست حزبەكە دەربچێت، بۆیە بە رێككەوتن لەگەڵ نووری مالیكی ئەمینداری گشتیی حزبەكە چەند چارەسەرێكیان داناوە بۆ یەكخستنەوەی ریزەكانی حزبەكە دوای پەرتبوونی بەهۆی ململانێی عەبادی و مالیكی لەسەر دەسەڵات.

بەپێی سەرچاوەكان سەرانی دەعوە دوو بژارەیان لەپێش عەبادی و عەلی عەلاق و وەلید حلی داناوە و روونی كردەوە، یەكەم بژارە بریتییە لە دەركردنیان لە حزبی دەعوە راگەیاندنی ئەو بابەتە یان هاتنەوە ژێر باری فەرمانەكانی حزبەكە و پاشەكشەكردن لە هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوە بۆ ناو هاوپەیمانی بینا بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن و بۆ ئەو مەبەستەیش مالیكی بەر لە چەند رۆژێك لەگەڵ عەلی عەلاق و عەبدولحەلیم زوهێری كۆبووەتەوە و پێی راگەیاندوون بە پێویستی گەڕانەوەیان پێش لەدەست دەرچوونی دۆخەكە و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دوور لە حزبی دەعوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل