ڕۆژنامه‌یه‌كی له‌نده‌نی له ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ری ده‌ركردنی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێسته‌ی عێراق و سه‌ركرده له حزبی ده‌عوه له ڕیزه‌كانی حزبه‌كه له ئارادایه، ئه‌مه‌یش به‌هۆی له‌ده‌ستدانی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌یه له‌لایه‌ن ده‌عوه كه له دوای یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه تا ئێسته كاندیدی ئه‌و حزبه سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ته‌كانی عێراقی كردووه.
سه‌رچاوه‌كان له به‌غداوه بۆ ڕۆژنامه‌ی "
العرب"ی له‌نده‌نیان ڕاگه‌یاندووه، حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی پلان داده‌نێ بۆ ده‌ركردنی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه به‌سه‌رچووی عێراق له ڕیزه‌كانی حزبه‌كه‌ی، ئه‌مه‌یش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی پێكهێنانی لیستی جیا، بووه‌ته هۆی له‌ده‌ستدانی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌لایه‌ن حزبی ده‌عوه‌وه، كه له 2005ه‌وه تا ئێسته له لایه‌ن كاندیدانی حزبه‌كه‌وه وه‌رگیراوه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، ده‌ركردنی عه‌بادی له حزبی ده‌عوه، له‌تبوونێكی دیار و گه‌وره ده‌بێ كه به فه‌رمی له ڕیزه‌كانی ئه‌و حزبه ڕوو بدات، چونكه عه‌بادی چوار ساڵ سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی عێراقی كردووه، بۆیه پێشبینی ده‌كرێ حزبێكی نوێ دابمه‌زرێنێ و به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی ده‌عوه‌یش له‌گه‌ڵ خۆی بۆ حزبه نوێكه‌ی ببات.
هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌ركردنی عه‌بادی و له‌تبوونی ده‌عوه‌یش به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی ناو ڕیزه‌كانی شیعه‌ی عێراقه، كه زیانی زۆریان به‌یه‌كتر گه‌یاندووه، له ئه‌نجامی ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكایه‌تیكردن، بۆیه بابه‌ته هیچ پێوه‌ندی به ململانێی ئایدلۆژیا و پرۆگرامی حزبه‌كانه‌وه نییه.
له ماوه‌ی ڕابردوو عه‌بدولحه‌لیم زوهێری و ئه‌بو مونته‌زر تارق و ئه‌بوجه‌عفه‌ر روكابی له نامه‌یه‌ك بۆ ده‌عوه دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه هۆكاری له‌ده‌ستدانی سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن ده‌عوه‌وه، به‌هۆی فیتنه‌ی دوو لیستیییه‌وه بوو له هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆ كه هه‌ریه‌ك له عه‌بادی و مالیكی به لیستی جیاوه‌وه چوونه ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه، بۆیه ده‌عوه هه‌ردوو لیسته‌كه‌ی بوونه‌ته سێیه‌م و چواره‌م له ڕیزبه‌ندی حزبه‌كانی شیعه‌ی عێراق.
له به‌شێكی تری نامه‌كه‌یان دا هاتووه، داوا له سه‌ركردایه‌تی حزب ده‌كه‌ین، كه حه‌یده‌ر عه‌بادی له ده‌عوه ده‌ربكرێ و ئه‌ندامیه‌تی هه‌ڵپه‌سێردرێ، چونكه كاره‌كانی پێشێلكارییه‌كی ڕوونی ڕێككه‌وتنه‌كانه كه به‌ر له هه‌ڵبژاردن له نێوان مالیكی و عه‌بادی واژووی له‌سه‌ر كرا، چونكه بڕیار بوو دوای هه‌ڵبژاردن هه‌ردوو لیسته‌كه یه‌كبگرنه‌وه و سه‌رۆك وه‌زیران له ده‌عوه كاندید بكرێته‌وه، به‌ڵام عه‌بادی ئاماده نه‌بوو ئه‌م كاره بكات.