ئەمڕۆ پێنجشەم بۆ سێیەم رۆژی لەدوای یەك نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و خەریكە دەگاتە 80 دۆلاری ئەمەریكی.
بەگوێرەی
dailyfx ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 79 دۆلار و 66 سەنت دەفرۆشرێت و لە رۆژی سێشەمەوە دوو دۆلار لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە.
هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكی یان نەوتی تەكساس هەر لەو ماوە كورتەدا لە 68 دۆلار و 50 سەنتەوە هەڵكشاوە بۆ 71 دۆلار و 20 سەنت.
كەمتر لە مانگ و نیوێكی ماوە قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا دژی ئێران دەست پێ بكات كە بۆ سەر كەرتی نەوت و وزەیە و تا لەم كاتە زیاتر نزیك دەكەوینەوە، نرخی نەوتیش زیاتر دەكەوێتە ژێر كاریگەری و نرخەكەی بەرز دەبێتەوە.
ئامانجی ئەمەریكا ئەوەیە رێ لە هەناردەی نەوتی ئێران بگرێت و ئەگەر ئەلتەرناتیڤێك بۆ نەوتی ئێران و پڕكردنەوەی پێداویستی دنیا بە نەوت نەدۆزرێتەوە، ئەوا پێشبینی دەكرێ نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلاریش بەرز ببێتەوە.
نرخی نەوت لە بازاڕەكان گرێ دراوە بە ئاستی خستنەڕوو و داخوازی و ئەگەر ئاستی خستنەڕوو كەمتر بێت لە ئاستی داخوازی، ئەوا نرخەكەی بەرز دەبێتەوە و پێچەوانەكەشی نرخی نەوت نزم دەكاتەوە.