"له وڵاتێكدا كه نامه‌وێ ناوه‌كه‌ى بڵێم، من ئه‌مڕۆ له‌وێ دانیشتووم و تا دوایین سه‌گڕه‌ویم له‌وێ ده‌مێنمه‌وه، تا ئه‌و یاداشتانه‌م بنووسمه‌وه كه به ژیانمدا تێپه‌ڕیوون. وه‌ك ده‌زانن گرووپى من له ره‌گه‌زى سه‌گ به ساڵنامه‌ى مرۆڤ ته‌نیا 12 ساڵ ده‌ژین، به‌ڵام به ساڵنامه‌ى ئێمه 90 ساڵ ده‌كات. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش راستییه‌كه‌ی من نامه‌وێ ئه‌وها به‌ساڵا بچم".
به‌مشێوه‌یه سه‌گێكى عێراقى به‌ناوى "لیده‌ر" ده‌ست به گێڕانه‌وه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانى ده‌كات و مێژووى چه‌ند ساڵه‌ى عێراق له دوو قۆناغى جیاواز ده‌گێڕێته‌وه.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایی به‌هۆى ئه‌و رووداوانه‌ى به‌سه‌ر عێراقدا هاتوون، له ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه و راگه‌یاندن زۆرترین قسه له‌سه‌ر وڵاته‌كه ده‌كرێت و كاره‌ساته‌كانى ده‌خرێنه به‌رباس، به‌ڵام عه‌بدولهادى سه‌عدوون رۆماننووسى عێراقیی له رۆمانێكدا ئه‌م كاره‌ساتانه له‌سه‌ر زارى سه‌گێكه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات رۆمانه‌كه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بێت و بۆ چه‌ند زمان بێته وه‌رگێڕان. دواین جاریش له‌لایه‌ن فارووق جه‌میل رۆمانه‌كه به‌ناوى "یاداشته‌كانى سه‌گێكى عێراقی" بۆ سه‌ر زمانى كوردى هاتووه‌ته وه‌گێڕان و بڵاو كراوه‌ته‌وه.
سه‌گه عێراقییه‌كه هه‌ر له لاپه‌ڕه‌ى یه‌كه‌مى یاداشته‌كانى ده‌ڵێ، "ئێوه ده‌زانن، من یه‌كه‌م كه‌س نیم له ره‌چه‌ڵه‌كى خۆم یاده‌وه‌رییه‌كانى خۆى بگێڕێته‌وه، به‌ڵام به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه یه‌كه‌م دوور خراوه‌م، پێشتر شه‌ره‌فى ئه‌وه‌م نه‌بووه به خوێندنه‌وه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانى سه‌گ و گوێره‌كه و مانگا و ته‌نانه‌ت مشكه‌كانیش بگه‌م".
ئه‌م بڕگه‌یه‌ى كه نووسه‌ر دایناوه، بۆ ئه‌وه‌یه پێمان بڵێت نووسین له‌سه‌ر زمانى ئاژه‌ڵ، ته‌كنیكێكى كۆنه و بۆ هه‌زاران ساڵ به‌ر له ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌وانه چیرۆكه‌كانى "كلیله و دمنه" له ئه‌ده‌بى هیندى كۆن و چیرۆكى "هیزۆپ" له ئه‌ده‌بى یۆنانى هه‌بووه، به‌ڵام له سه‌ده‌ى نوێ‌دا یاداشته‌كانى سه‌گێكى عێراقی یه‌كێك له كاره گرنگه‌كان ده‌بێت.
فارووق جه‌میل كه‌ریم كه وه‌رگێڕێكى گه‌نجه له هه‌رێمى كوردستان و تا ئێسته شه‌ش كتێبى وه‌رگێڕاوه، دواى وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى له نووسه‌ر، رۆمانى "یاداشته‌كانى سه‌گێگى عێراقى" وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانى كوردى. ئه‌و بۆ "وشه" له‌باره‌ى هۆكارى وه‌رگێڕانى كتێبه‌كه گوتى، "ناونیشانێكى سه‌رنجڕاكێشى هه‌یه، یه‌كێكى تر له جوانییه‌كانى رۆمانه‌كه ئه‌وه‌یه كه جیاواز له كاره ئه‌ده‌بییه‌كانى تر، پاڵه‌وانه‌كه‌ى گیاندارێكه. نووسه‌ر له زمانى سه‌گێكه‌وه باس له تاڵاو و تراجیدیاكانى قۆناغێكى دیاریكراوى ژیانى خه‌ڵكى عێراق ده‌كات. لێره‌دا سه‌گێك شایه‌تحاڵه و چیرۆكى ئه‌و نه‌هامه‌تییانه ده‌گێڕێته‌وه كه له سایه‌ى رژێمێكى دڕنده‌ى سه‌ركوتكاردا به‌سه‌رى هاتوون، دڕنده‌یی مرۆڤ به‌رانبه‌ر به مرۆڤ و جوانییه‌كانى ژیان و سروشت، دڕنده‌یی مرۆڤ به‌رانبه‌ر ئاژه‌ڵ و ژینگه و ژیان".
فارووق نكۆڵى له‌وه ناكات كه بینین و وه‌رگێڕانى ئه‌م كتێبه به‌ڕێكه‌وت بووه، خۆی ده‌ڵێ "كاك شێرزاد هه‌ینى له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك به ده‌ربڕینێكى جوان باسى له ڕۆمانه‌كه كردبوو، ئامۆژگاریی وه‌رگێڕه كورده‌كانى كردبوو بیكه‌ن به كوردى. له‌وێوه له ماوه‌یه‌كی كورتدا دواى خوێندنه‌وه‌ى ڕۆمانه‌كه و وه‌رگرتنى ڕه‌زامه‌ندیی نووسه‌ره‌كه‌ى (كه له مه‌درید ده‌ژى)، ده‌ستم كرد به وه‌رگێڕانى. جێى خۆیه‌تى لێره‌دا ئاماژه به‌وه بكه‌م كه نووسه‌رى رۆمانه‌كه (عه‌بدولهادى سه‌عدوون) زۆر دڵخۆش بوو به وه‌رگێڕانى رۆمانه‌كه‌ى بۆ سه‌ر زمانی كوردی".
هه‌رچه‌نده ئه‌و كتێبه له ساڵى 2012 ده‌رچووه و به ده‌یان نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر كراوه، مانگى رابردوو له هه‌رێمى كوردستان بڵاو كرایه‌وه، ره‌خنه‌گرانى كوردیش له رۆژنامه و پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كان قسه‌یان له‌سه‌ر كرد. فارووق جه‌میل وه‌رگێڕ له‌مباره‌یه‌وه گوتى، "هێنده‌ى ئاگاداربم ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كى باشى هه‌بووه و خه‌ڵكێكى زۆر خوێندوویانه‌ته‌وه، زۆر كه‌سیش پرسیار ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ بیخوێننه‌وه. ئه‌وانه‌ى عه‌وداڵى كارى جوان و ناوازه‌ن، داوایان لێ ده‌كه‌م كاتى بۆ ته‌رخان بكه‌ن".