یەكێك لە باشترین گۆڵپارێزەكان گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر كرد

:: AM:09:56:20/09/2018 ‌

دلێر حاتەم كە یەكێكە لە باشترین گۆڵپارێزەكانی كوردستان، بەفەرمی گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ یانەی هەولێر بۆ یاریكردن لە خولی نایابی عێراق ئیمزا كرد.

دلێر تایبەت بە (وشە)ی رایگەیاند: دوای رێككەوتن لەسەر سەرجەم خاڵەكان، گرێبەستێكی دوو ساڵەمان لەگەڵ یانەی هەولێر ئیمزا كرد.

دلێر كە پێشتر لە ریزی یانەكانی زێرەڤانی و هندرێن و سلێمانی یاریی كردووە، هەروەها رایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ چوارشەم لەگەڵ دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر كۆبووینەوە رێككەوتنمان كرد لەسەر بڕی گرێبەستكەمان و بۆ ماوەی دوو ساڵی تر لە ریزی یانەی هەولێر وەك گۆڵپارێز بەردەوام دەبم.

دلێر بەهای گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی هەولێر ئاشكرا نەكرد، بەڵام جەختی كردەوە كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە تەنیا لە خولی نایابی عێراق یاری دەكات و بەشداری یارییەكانی خولی نایابی كوردستان ناكات.

دلێر حاتەم پێشتر لە ریزی یانەكانی زێرەڤانی و هندرێن و سلێمانی یاری كردووە و هەروەها بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی عێراقیش كرابوو، پارساڵیش پاڵێورابوو بۆ خەڵاتی باشترین گۆڵپارێز لە خولی نایابی كوردستان.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م