درێسە نوێیەكەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كە بڕیارە بۆ وەرزی 2019-2020 بیپۆشێ، لەلایەن بەشێكی زۆری هاندەرانی یانەكەوە رەتكرایەوە.
رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی راپرسییەكی لەبارەی درێسە نوێیەكە لەنێو هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە ئەنجامدابوو و تێیدا 75%ی دەنگدەران جەختیان كردبووەوە كە دیزاینی ئەم درێسە نوێیەیان بەدڵ نییە، لەبەرامبەریشدا تەنیا 13% پشتگیرییان كردبوو.
یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاندبوو كە بۆ وەرزی داهاتوو لە خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەشێوەی سەرەكی ئەم درێسە نوێیە دەپۆشن كە لە رووی دیزاینەوە جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ درێسەكانی رابردوو هەیە.
بەڵام دیزاینی درێسە نوێیەكە كە لەلایەن كۆمپانیای نایكی ئەمەریكی بەرهەمهێنراوە، بەخێرایی بووە جێگەی رەخنە و گلەیی بەشێكی زۆری هاندەران و ئەم راپرسییەی رۆژنامەی مۆندۆش بەڵگەی ئەوەن كە هاندەران حەز بەم دیزاینە نوێیە ناكەن.