كام كاندید دەتوانێ چوار فلتەرەكە ببڕێت و ببێت بە سەرۆك وەزیران؟

:: AM:10:32:20/09/2018 ‌
بۆ رێگرتن لە پەرتەوازەیی زیاتر مەرجەعیەت دەستوەردانی راستەوخۆ دەست پێ كردووە، لیژنەی هاوبەشی سائیروون و فەتح لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن. سەركردەیەكی باڵای فەتح دەڵێ هەر كەسێك بكرێتە كاندید، دەبێ بە چوار فلتەر تێپەڕێت، ئەوانیش رەزامەندی فەتح و سائیروون، مەرجەعییەت، ئەمەریكا و ئێران.

چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لیژنەی هاوبەشی نێوان هاوپەیمانی سائیروون و فەتح لەسەر پرسی دەستنیشانكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران لە بەغدا كۆ ببنەوە و لەسەر ناوی كاندیدەكان رێككەوتن بكەن، پاشان ناوەكان رەوانەی نەجەف بكەن بۆ وەرگرتنی رەزامەندی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق.

ئەگەرچی تا ئێستە چەندان ناو لە میدیاكانەوە بڵاو كراونەتەوە وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام هیچ كامێكیان هێشتا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە، ئەوانەشی كاندید بوون وەك هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح بە فەرمی كشانەوەی خۆی راگەیاند، هاوكات حەیدەر عەبادی كە تا ئێستە كاندیدی هاوپەیمانی نەسڕە، ئەگەرچی پێداگیرە بەڵام بەهۆی پشت تێكردنی مەرجەعییەت و سەدر، چانسی سەركەوتنی نییە.

تەنگژەی دەستنیشانكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لای شیعەكان دوای 40 خاڵەكەی سەدر كە لایەنی سەرەكی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووە، هەروەها رەزامەندی سیستانی، قورس بووە كەسێك دەستنیشان بكرێت. پێوەند بە كوردستانیش دواجار یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەرهەم ساڵحی وەك كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەستنیشان كرد، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگیرە لەسەر ئەوەی كاندیدیان دەبێت و ئەو پۆستە بە شایستەی هەڵبژاردنی خۆیان دەزانن.

ناكۆك و ململانێی نێوان لایەنە شیعەكان لەسەر دەستنیشانكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، مەترسی گەورەی لەسەر ماڵی شیعەكان دروست كرد، ئەمەش عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكانی ناچار كرد دەستوەردانی راستەوخۆ لە رێی محەمەد رەزا سیستانی نەوەكەی خۆی بكات كە بەشداری لە كۆبوونەوەكان دەكات و رۆڵی نزیككردنەوەی بۆچوونی هێزە شیعەكان لە یەكتر دەبینێت.

سەركردەیەكی باڵای هاوپەیمانی فەتح بە سەركردایەتی هادی عامری دەڵێ، ئەو كەسەی دەكرێتە كاندید دەبێت بە چوار فلتەر تێپەڕێت، ئەوانیش فلتەری رێككەوتن لەسەری لە نێوان سائیروون و فەتح، پاشان رەزامەندی مەرجەعییەت، ئینجا رەزامەندی ئەمەریكا و ئێران، ئەمەش خۆی لە خۆیدا كێشەی دروست كردووە، چونكە ئەمەریكییەكان دەتوانن مامەڵە لەگەڵ هەر كەسێك بكەن كە بكرێتە سەرۆك وەزیر، بەڵام ئێرانییەكان لەم پرسەدا توندڕۆن، بۆیە ئاسان نییە ئەو دوو وڵاتە لەسەر كاندیدێك كۆك بن بەتایبەت ئێران.

ئەو سەركردەیەی باڵای فەتح ئەوەشی خستەڕوو كە دوا فلتەر مەرجەعییەتە، دەبێت ئەو كەسەی دەكرێتە كاندید لە فلتەرەكانی مەرجەعییەتیش رزگاری ببێت و لەگەڵ مەرجەكانی ئەو بگونجێت بەوەی پێشتر تاقی نەكرابێتەوە و هیچ تۆمەتێكی گەندەڵی لەسەر نەبێت و بەڵێنیش بدات بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و خزمەتگوزاریش پێشكەشی هاووڵاتییان بكات.

زیاتر گوتی "رێككەوتنی ناوخۆ و دەرەوە و بۆچوونی مەرجەعییەت ئەو پرسە یەكلا دەكاتەوە. پێكهاتەی حكوومەت لە نێوان هەردوو باڵە سەربازییەكە پێكدێت، سائیروون و فەتح، هەردوو باڵەكەی حزبی دەعوەش هیچ پۆستێكی باڵایان لە حكوومەتی داهاتوو نابێت".

لای خۆیەوە رائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعیی عێراقی كە یەكێكە لە سەركردەكانی هاوپەیمانی سائیروون، دەڵێ بژاردەی بوون بە ئۆپۆزسیۆن هێشتا نزیكترین بژاردەیە لای سائیروون، ئەگەر لەسەر حكوومەتێكی چاكسازیخواز لەگەڵ لایەنەكانی تر نەگەین بە رێككەوتن.

سكرتێری حزبی شیوعی روونی كردەوە ئەگەر لە گفتوگۆ و دانوستاندنەكان نەگەین بە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ كە تەواو عێراقی بێت و كارنامەی چاكسازی هەڵبگرێت، ئەوا بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون كراوەیە. گوتی "زۆر لایەن هەن ویستیان وابوو پاش هەڵبژاردن راستەوخۆ ببین بە ئۆپۆزسیۆن، ئێستەش هەن پەلەیانە لەوەی بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆن رابگەیەنین تا ئەوانیش لەسەر بنەمای پشك پشێكنە زۆرینە پێك بهێنن و حكوومەت رابگەیەنن و پۆستەكانیش دابەش بكەن، بەڵام ئێمە دەمانەوێ ئاراستەكەی بە دژی پشك پشكێنە ببەین، ئەگەر هەوڵەكانمان شكستی خوارد، ئەوا دەبینە ئۆپۆزسیۆن".

رائید فەهمی لە بارەی پێوەرەكانی سائیروون و ژمارەی كاندیدەكان، لە وەختێكدا مەرجەعییەتیش كاندیدی هەیە، ئاماژەی بەوەدا كە سائیروون دەیەوێ سەرۆك وەزیران بە رێوشوێنێكی نوێ بێتە هەڵبژاردن نەك رێككەوتنی نێوان حزبەكان لەسەر شێوازە كۆنەكە كە ناشەفافە، ئەوەشی خستەڕوو مەرجەكانی مەرجەعییەت بازنەكەی زۆر تەسك كردووەتەوە و لەسەر هیچ كاندیدێك جێبەجێ نابێت، بۆیە دەمانەوێ كەمێك فراوانی بكەین و ئێستەش گفتوگۆ لەسەر 10 كاندید دەكرێت. گوتی "وەك سائیروون كێشەمان لەگەڵ هیچ كەسێك نییە، بەڵكو موقتەدا سەدر دەیەوێ كەسێك بكرێتە كاندید كە خاوەنی پێگەیەكی جەماوەری بێت، لای هێزە سیاسییەكان قبووڵكراو بێت، بەو ئاراستەیە حكوومەت پێك بهێنین كە زۆرترین سەربەخۆیی هەبێت و كار بكات بۆ پاراستنی پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمەریكا بە هاوسەنگی، بۆیە نامانەوێ دژایەتی ئەمەریكا و ئێران بكەین".

مشتومڕی نێوان هێزە شیعەكان لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدێك كە چوار فلتەر ببڕێت، لە كاتێكدایە رۆژی 25ی مانگ دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، هەروەها راسپاردنی لیستی گەورەی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

بەرپرسێكی باڵا دەڵێ، ئەگەر سەدر و عامری نەگەن بە رێككەوتن، ئەوا محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە پشكی كوردە، ناچارە دانیشتنی پەرلەمان هەڵپەسێرێت.

تا ئێستە ناوی چەندان كەس هاتووە وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام عامر فەیاز پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بنیاد ئاشكرای دەكات كە هەریەكە لە هاوپەیمانی فەتح و سائیروون، یەكەی سێ كەسیان كاندید كردووە و لە لیژنە هاوبەشەكەیاندا دانوستاندنی لەسەر دەكەن.

عامر ئاشكرای دەكات كە هەریەك لە عادل عەبدولمەهدی و ئەسعەد عیدانی و عەبدولوەهاب ساعدی كاندیدانی سەدرن، هەروەها عامریش هەریەك لە عادل عەبدولمەهدی و فالح فەیاز و عەلی یوسف شوكرییان كاندید كردووە.

چاودێران پێیان وایە هەموو ئەوانەی ناویان بڵاو دەكرێتەوە وەك كاندید دەتوانن دواجار ببن بە سەرۆك وەزیران، چونكە دەستنیشانكردنی كاندیدێك دەكەوێتە سەر رێككەوتنەكان.

بوونی ناوی عادل عەبدولمەهدی لە ریزی كاندیدانی هەردوولا، لە كاتێكدایە دوو رۆژ پێش ئێستە بڵاوكرایەوە كە عەبدولمەهدی لەلایەن موقتەدا سەدر كاندید كراوە و مەرجەعیەتیش پێی رازییە، بەڵام هێشتا بە فەرمی را نەگەیەنراوە.

گفتوگۆی نێوان لیژنەی هاوبەشی سەدر و عامری، لە كاتێكدایە دوێنێ چوارشەم 19ی ئەیلوول عەبادی و عامری دانیشتنیان هەبووە، جگە لەمەش هێشتا عەبادی تاكە كاندیدە بە فەرمی خۆی ناساندووە و نەكشاوەتەوە.

پێوەند بەو باسە، هاوپەیمانی نەسڕ رەتی دەكاتەوە كە مەرجەعییەت و سەدر پشتیان لە عەبادی كردبێت بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران.

عەلی سنەید سەركردە لە هاوپەیمانی نەسڕ دەڵێ، هێشتا مەرجەعییەت و سەدر وەها قسەیەكیان نەكردووە و عەبادییان رەت نەكردووەتەوە، ئەگەر وابێت ئەوا ئەوان لە كەس ناترسن و بە ئاشكرا دەیڵێن. گوتی "هەموو ئەو قسانەی لە بارەی دوورخستنەوەی عەبادی دەكرێت، بۆچوونە و بۆ تێكدانی بەرچاوی رای گشتییە، لای ئێمە هێشتا عەبادی كاندیدە و زۆرترین چانسیشی هەیە ببێت بە سەرۆك وەزیران".



وشە - فه‌رمان سادق