ئایا رۆناڵدۆ شایستەی كارتە سوورەكە بوو؟

:: AM:10:59:20/09/2018 ‌

پڕۆفیسۆرێكی ئیسپانی لە بواری ناوبژیوانی لێكدانەوەی بۆ كارتە سوورەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی كرد كە لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا بەڕوویدا بەرز كرایەوە.

دوێنێ چوارشەم یانەی یۆڤێنتۆس لە یەكەم یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی مستایا بووە مێوانی یانەی ڤالێنسیا و یارییەكەشی بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە.

لە یارییەكەدا لە خولەكی 29ی گێمی یەكەمدا رۆناڵدۆ بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر یاریزانێكی یانەی ڤالێنسیا راستەوخۆ بەكارتی سوور لەلایەن ناوبژیوان فلیكس بریچی ئەڵمانی كرایە دەرەوە.

لەمبارەیەوە ئەندۆخار ئۆلیڤەر كە پڕۆفیسۆرێكی بواری ناوبژیوانییە بە رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی راگەیاند: رۆناڵدۆ سەرەتا بەدەست لە رووخساری جیسۆن مۆریلۆی بەرگیركاری یانەی ڤالێنسیای دا و دواتریش پرچی راكێشا.

ئۆلیڤەر هەروەها رایگەیاند: ئەم كارەی رۆناڵدۆ بەسە بۆ ئەوەی ناوبژیوان كارتی سووری بەڕوویدا بەرز بكاتەوە، بۆیە بڕیارەكەی ناوبژیوان تەواو و دروست بووە.

رۆناڵدۆی ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی كە سەرەتای ئەم وەرزە بەفەرمی پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە كردبوو، لە چوار یاریی رابردووی یانە نوێیەكەی لە خولی ئیتاڵیا بەشداری كردبوو و هیچ كارتێكیشی بەڕوویدا بەرز نەكرابووەوە، بەڵام لە یەكەم بەشداری خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دوای یاریكردنی كەمتر لە 30 خولەك بە كارتی سوور كرایە دەرەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م