جێگری سكرتێری گشتی بزووتنەوەی نوجەبا هێرش و هەڕەشەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد، ئەگەر سزا بەسەر نوجەبا و عەسائیبی ئەهلی حەق بسەپێنێت. دووپاتی لەوەیش كردەوە كە ئەم هەنگاوەی ئەمەریكا بەهۆی شكستەكانیەتی لە عێراق و سووریا و ئاژاوەنانەوە لە بەسڕە.
نەسر شمەری جێگری سكرتێری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا لە
لێدوانێكی تەلەڤزیۆنی گوتی، سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێمە دەستمان ئاوەڵا دەكات، بۆ ئەوەی شەڕ دژی ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی لە عێراق ڕابگەیەنین، چونكە ئەمەریكا بەرژەوەندی گەورەی لە عێراق هەیە و ئێمەیش دەتوانین بە ئامانجیان بگرین.
ئاماژەی دا، بە ئەنجامگرتنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی لە عێراق كارێكی دوور و مەحاڵ نییە، ئەگەر ئەوان سزا بەسەر ئێمە بسەپێنن، ئەمەیش بەرەنجامی شكستەكانیانە لە هەوڵدان بۆ دروستكردنی فیتنە لە بەسڕه.
ئەو سەركردەیەی نوجەبا كە لەلایەن ئەمەریكاوە گرووپە چەكدارەكە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە گوتی، واشنتن لە عێراق و سووریا سەرجەم پلانەكانی شكستی هێناوە، دواترینیشیان هەوڵدان بوو بۆ دروستكردنی فیتنەیەكی گەورە لە بەسڕە، بەڵام سەرجەم پیلانەكانی شكستی پێ هێنرا، بۆیە ڕووی لەوە كردووە سزا بەسەر ئێمە و عەسائیبی ئەهلی حەق بسەپێنێت.