سائیروون: فالح فەیاز نابێتە سەرۆك وەزیران

:: AM:11:16:20/09/2018 ‌
سەركردەیەكی هاوپەیمانی سائیروون ئاشكرای كرد، سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دەبێ تەواوی مەرجەكانی مەرجەعییەت و موقتەدا سەدری تێدا بێ، كەسێكی وەك فالح فەیازیش دوورە لەو مەرجانە، بۆیە لە هاوكێشەی بوون بە سەرۆك وەزیرانی عێراق دوور كەوتووەتەوە.

عەباس علیوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون بە پێگەی "ئەلمەعلوومە"ی ڕاگەیاند، ڕێنوێنییەكانی مەرجەعییەتی باڵا و مەرجەكانی موقتەدا سەدر و گەلی عێراق، دووپات لەوە دەكەنەوە كە كەسایەتی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دەبێ كەسێكی تەكنۆكرات و سەربەخۆ و دوور بێ لە لایەنگری و ئەندامیەتی حزبەكان.

ئاماژەی دا، فالح فەیاز سەرەڕای ئەوەی لەلایەن هەندێك لایەن قبووڵكراوە بۆ بوونی بە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، بەڵام مەرجەكانی تێدا نییە، بەتایبەت مەرجی سەربەخۆبوون و نەبوونی هیچ مەیلێك بۆ حزبێكی سیاسی، چونكە ئەو سەربەخۆ نییە و مەیلی بۆ حزبەكان هەیە، لەبەر ئەوە خراوەتە دەرەوەی هاوكێشە و لیستی ناوەكان بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.

ئاماژەی دا، لیژنەیەكی دانوستاندكار لە نێوان لایەنە سیاسییەكان پێكهاتووە، بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەكی گونجاو بۆ سەرۆك وەزیران، كە ڕەزامەندی سەرجەم لایە نەكان و مەرجەعییەتی باڵای لێ بكەوێتەوە و مەرجەكانی موقتەدا سەدری تێدا بێت.

پێشتر هادی عامری و نووری مالیكی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكوومەتی عێراق كشانەوە و حەیدەر عەبادیش چانسی وەرگرتنی نەماوە، باس لە فالح فەیاز دەكرا بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی مەرجەعییەكان ئەویش لە كێبەركێكان خراوەتە دەرەوە، هەرچەندە زۆر لە لایەنەكان عادل عەبدولمەهدییان بۆ ئەو پۆستە قبووڵە، بەڵام عەبدولمەهدی ڕەتی كردووەتەوە ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق.


وشە - باز ئه‌حمه‌د