هاوسەری شاناز بە فەرمی خۆی بۆ سەركۆمار كاندید كرد

:: AM:11:46:20/09/2018 ‌
دوای گەڕانەوی بەرهەم ساڵح و كاندیدكردنی لەلایەن یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئاوەڵزاوایەكی مام جەلالیش خۆی كاندید  بۆ ئەو پۆستە دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی ئەیلوول، فەرید ئەسەسەرد لە گفتوگۆیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كردووە، جگە لە بەرهەم ساڵح، لەتیف ڕەشیدیش كاندیدی نافەرمی یەكێتییە، چونكە لەتیف جەمال ڕەشید بە سەركردایەتی یەكێتی گوتووە، كاندیدم بكەن یان نا، ڕەزامەند بن یاخود نا لە دەرەوەی ئێوە خۆم كاندید دەكەم.

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەی داوە، هەموو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەزانێت كە لەتیف خۆی كاندید دەكات لە دەرەوەی یەكێتی، ئێستە یەكێتی دوو كاندیدی هەیە، كاندیدی فەرمی بەرهەم و كاندیدی نافەرمی لەتیف-ە، چونكە ئەویش كادری پێشكەوتووی یەكێتییە و ئەگەر دەرچێت یەكێتی پۆستەكە بە هی خۆی دەزانێت و وەك سەرۆك كۆمار مامەڵەی لەگەڵ دەكات.

ئاماژەی داوە، یەكێتی كار بۆ كاندیدە فەرمییەكەی خۆی دەكات دەربچێت، دژایەتیی لەتیفیش ناكات، هەروەها پارتی چەند بژاردەیەكی خستووەتە بەردەست یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، لەوانە ئەگەر پارتی و یەكێتی ڕێك نەكەوتن، ئەوا با پۆستەكە بۆ كوردێكی بێلایەن بێت.



وشە - رامیار جەواد