ژمارەیەك كاندیدی هاوپەیمانی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن

:: PM:12:12:20/09/2018 ‌
بڕیارە لە ئەمڕۆوە ژمارەیەك لە كاندیدی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەست بكەن بە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان و ئەو بایكۆتەی بەرهەم ساڵح ڕای گەیاندبوو دەیشكێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی ئەیلوول، هاودیدێكی لیستەكەی هاوپەیمانی كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ئەمڕۆوە ژمارەیەك كاندیدی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەست دەكەین بە بانگەشەی هەڵبژاردن.

ئاماژەی دا، لە هەولێر و سلێمانی ژمارەیەك كاندید هەن بانگەشە دەست پێ‌ دەكەین و بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەین ژمارەی كاندیدانی هەولێرمان پێنج كەسە و ژمارەی كاندیدانی سلێمانی هەشت كەسە.

بەپێی ئەو داوەتنامەیەی بۆ "وشە" هاتووەتە ناردن، ئەمڕۆ ژمارەیەك لە كاندیدانی هاوپەیمانی لە شاری هەولێر و سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە سەعات چواری ئێوارە دەبەستن و دەستپێكی بانگەشە ڕِادەگەیەنن.

هەڵوێستی ئەو كاندیدانە لە كاتێكدایە پێشتر بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئاشكرای كردبوو كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و بەشداری ناكەن، دوێنێ وەك كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كرا كە پێشتر وازی لە یەكێتی هێنابوو، چونكە كاندید نەكرا و فوئاد مەعسووم كاندید كرا.



وشە - رامیار جەواد