مادەی هۆشبەر دەیان خێزانی عێراقی بە كوشت دەدات

:: PM:01:05:20/09/2018 ‌
دواجار بڵاوبوونەوەی فراوانی مادەی هۆشبەر لە بەغدا و پارێزگاكانی باشوور بەتایبەت لەناو توێژی گەنجان، سەرەتای دەركەوتنی لێكەوتەكانی وردە وردە دەردەكەون و مەترسی گەورەیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خێزانی عێراقی دروست كردووە، لە چەند رووداوێكی مانگی رابردوو كە پێشتریش دووبارە بوونەتەوە، هاووڵاتییەكی عێراق لە پارێزگای زیقاڕ خێزان و سێ منداڵەكەی بە دەمانچە دەكوژێت و خۆیشی رادەستی پۆلیس دەكات، بەچەند پێش ئەویش رۆژێك باوكێك كوڕەكەی دەكوژێت، پێش ئەو رووداوەش گەنجێك باوكەكەی خۆی دەكوژێت و هەوڵی دا خۆیشی لەناو ببات.

بڵاوبوونەوەی رۆژانەی رووداوە كۆمەڵایەتییەكان لە كاتێكدایە شارەزایان و پزیشكانی دەروونی كۆكن لەسەر ئەوەی ئاماری رووداوەكان ئاماژەی مەترسیدارن لەسەر كۆمەڵگەی عێراقی و پێشتر لە مێژووی عێراقدا لە مانگێكدا ئەو هەموو تاوانە ئەنجام نەدراوە.
 
دوێنێ چوارشەم 19ی ئەیلول/ سێپتێمبەر، پۆلیسی زیقاڕ گرتنی پیاوێكی راگەیاند كە خێزان و سێ منداڵەكەی كوشتووە لە شارەدێی ئیسلاح لە رۆژهەڵاتی ناسڕیە كە منداڵەكانی تەمەنیان لە نێوان نۆ بۆ 13 ساڵی بووە. دەڵێ عەلی جانی بكوژی ژن و منداڵەكانی گرتووە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە لە هۆكاری تاوانەكە.

ئەفسەرێكی پۆلیس وەها باسی رووداوەكە دەكات كە عەلی جانی بەیانی زوو كاتێك لە خەو هەڵساوە، بە دەمانچە ژن و منداڵەكانی كوشتووە و پاشان لە باخچەی ماڵەكەی دانیشت و چاوەڕوانی دەكرد پۆلیس بیگرێت، دوای ئەوەی هاوسێكانیان دەنگی تەقەیان بیستووە و پێوەندیان بە پۆلیسەوە كردووە. ئاماژی بەوەش دا ئەو كەسە هیچ قسەیەكی نەكرد وەك بڵێی لە دنیا دابڕابێت بەهۆی زۆر بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر.
 
ئەو رووداوە هاوكاتە لەگەڵ رووداوێكی چەند رۆژ پێش خۆی لە سلێمانی، لەكاتێكدا پیاوێك كچەكەی خۆی كوشت و دایكیشی بە سەختی بریندار كرد، پاشان خۆیشی لەناو برد، هەر لە سەرەتای ئەم مانگە پۆلیسی قادسیە رای گەیاند كوڕێك باوكی خۆی كوشتووە.

بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بێت، ئەوا رێژەی ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵایەتی و خێزانی بەشێوەیەك بەرز بووەتەوە پێشتر نموونەی نەبووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە زیاتر لە 100 تاوانی كوشتن و 58 حاڵەتی خۆ لەناوبردن تۆمار كراوە كە نیوەی زیاتر لە شارەكانی باشووری عێراق بووە و لە كوردستانیش حاڵەت تۆمار كراون.

عەباس عەتوانی مامۆستای زانكۆ بەغدا ئاماژە بەوە دەكات كە لێكۆڵینەوەكان دەری دەخەن گوشارەكانی رۆژانە كە گەلێك زۆرن و بێ هیوا بوون لە دۆخی عێراق، هەروەها بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر، هەروەها نەمانی بەهایە مرۆیییەكان لەناو خێزانی عێراقی هەر هەموویان هۆكاری زۆربوونی تاوانەكانی پێوەند بە خێزانن.

زیاتر گوتی "چیتر شەقامی عێراقی ئارام نییە وەك ساڵانی رابردوو، كێشە كۆمەڵایەتییەكان زۆر بە خێرایی گەشەیان كردووە و زۆرینەشیان لە دەرئەنجامی هەژاری یان خیانەت یانیش مادەی هۆشبەرە، بەتایبەت ئەوەی لە ئێرانەوە دێت كە وادەكات بەكارهێنەر ئاگای لە خۆی نەبێت چی دەكات".

فراس جەنابی لێكۆڵەر لە ناوەندی بەغداد بۆ توێژینەوە و لێكۆڵینەوە، ئاماژە بە چەند لێكۆڵینەوەیەك دەكات كە لە ماوەی رابردوودا ئەنجام دراون، دەڵێ دیاردەیەكی زۆر مەترسیدار لەناو كۆمەڵگەی عێراقی بڵاو بووەتەوە، ئەویش دۆخی عێراقە لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە توندوتیژی و تیرۆر و هەژاری كە بوونەتە هۆكاری سەرەكی لەوەی خەڵكێكی زۆر دووچاری نەخۆشی دەروونی ببێت، ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر كە 40%ی ئەوانەی تاوانی كۆمەڵایەتی دەكەن لەژێر كاریگەری مادەی هۆشبەردان و هێشتا بەخۆ نەهاتوونەتەوە كە چییان كردووە.

 زیادبوونی رووداوە كۆمەڵایەتییەكان لە عێراق لە كاتێكدایە بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە مانگی ئابی رابردوودا 90 كەس كوژراون و 117ی تریش بریندار بوون، لە مانگی تەمووزیش 76 كوژرا و 129 بریندار هەبووە.

لەو ئامارەی نەتەوە یەكگرتووەكان روون نەكراوەتەوە چەند لەوانەی كوژراون و بریندار بوونە، قوربانیی كێشە كۆمەڵایەتییەكانن، بەڵام دەڵێ ئەو ژمارەیە ئەو قوربانییانەش دەگرێتەوە.

پەرتەوازەیی دۆخی و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و بێ هیوای خەڵك لە چاكبوونی دۆخی عێراق، كاریگەری گەورەیان بەسەر دۆخی كۆمەڵایەتیی خەڵك  داناوە، دەستەی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەریش زۆر بە توندی نیگەرانی خۆی لە زیاتربوونی چالاكی مافیاكانی مادەی هۆشبەر دەردەبڕێت و دەڵێ لێكەوتەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر بەوەی ئێستە لە عێراق روو دەدات كاریگەری لەسەر باری دەروونی هاووڵاتییان دادەنێت و یەكێكیش دەبێت لە هۆكارەكانی مردن و كوشتنی هاووڵاتییەكی زۆر بەتایبەت توێژی گەنجان و دەبێت حكوومەتی نوێ هەوڵ بدات عێراق لە پۆلینی وڵاتانی "ئاشووب" رزگار بكات كە مادەی هۆشبەر هۆكاریەتی.

هاوكات وەزارەتی تەندروستی عێراقیش هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر دەدات و داوا لە حكوومەت دەكات كە رووپێوێكی گشتی ئەنجام بدات بە مەبەستی چارەسەركردنی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێ، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر بەو رێژە زۆرە لە پارێزگاكانی باشوور، تەنانەت دەست بەسەرگرتنی دەیان كێڵگەی چاندنی مادەی هۆشبەر، بەڵگەن بۆ ئەوەی ئاستێك بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارە لەناو كۆمەڵگەی عێراقی دابنرێت.



وشە - فه‌رمان سادق