فەتح: بەرهەم ساڵح كاندیدی پارتی و یەكێتی بێ ئەوكات دەنگی پێ دەدەین

:: PM:02:23:20/09/2018 ‌
گوتەبێژی هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، دووپاتی كردەوە كە ئەوان وەك هاوپەیمانی فەتح بە مەرج پشتیوانی و دەنگ بە بەرهەم ساڵح دەدەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق.

ئەحمەد ئەسەدی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرای كرد، هەڵوێستی هاوپەیمانی فەتح لەبارەی كاندیدی كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار پێوەست بە مەرجێكی دیاریكراو، ئەویش ئەوەیە كاندیدەكە لەلایەن هەردوو حزبی سەرەكیی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری لەسەر بدرێ و یەكلا بكرێتەوە.

ئاماژەی دا، بەرهەم ساڵح كەسێكی ڕێزلێگیراوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆ بوونی بە سەركۆمار و دەنگدانی لەلایەن ئێمەوە، پێوەستە بە كۆدەنگی لایەنی كورد لەسەری بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بێ دەستەبەركردنی ئەو مەرجە هەڵبژاردنی وەك سەركۆمار ئەستەم دەبێ.

ئەو قسانەی گوتەبێژی هاوپەیمانی فەتح لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ ڕۆژنامەی حەیاتی لەندەنی دووپاتی كردەوە، هاوپەیمانی بنا‌و كە لە فەتح و دەوڵەتی یاسا و میحوەری وەتەنی پێك دێت، دووپاتی كردووەتەوە كە ئەگەر پارتی كاندیدی هەبێ، ئەوان پشتیوانی لێ دەكەن و بەرهەم ساڵح لە بوونی بە سەركۆمار دوور دەكەوێتەوە.

دوێنێ چوارشەم دوای وازهێنانی لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەرهەم ساڵح گەڕایەوە ناو یەكێتی و بەدەنگی سەركردایەتیی وەك كاندیدی حزبەكەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار دیاری كرا، بەڵام گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا دووپاتی كردەوە، كە ئەوانیش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدێكی گونجاویان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دەبێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د