ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، سەرۆك بارزانی لەگەڵ كادرانی لقەكانی سنووری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بووەوە و ئامۆژگاریی كردن كە نابێ وەڵامی تەشهیر و بێڕێزییەكانی هیچ لایەك بدەنەوە و كاتێك لە شوێنی تر وێنەی كاندیداكانی پارتی دەدڕێنن، ئێوە كە دەبینن وێنەی كاندیدەكانیان كەوتووەتە سەر زەوی، وێنەكانیان ڕاست بكەنەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە كەرامەت و خاكی نیشتمان و ڕای گەیاند، ئێمە هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونكە تەنیا پێشمەرگە بوو كە هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و كوردستانی پاراست.
" ئێمە بەردەوام باوەڕمان وابووە كە تا لەگەڵ عێراق بین پێویستە باشترین پێوەندیمان هەبێت و هەمیشە ئاشتی و گفتوگۆ بژاردەی ئێمە بووە، بەر لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمیش چەندان جار ڕامان گەیاند كە دەمانەوێ بە گفتوگۆ كێشەكانی نێوانمان چارەسەر بكەین و دوای ڕیفراندۆم دەست بە گفتوگۆیەكی ڕژد بكەین، كەچی بەداخەوە ئەوان دەرگای گفتوگۆیان داخست و زوڵمیان لە گەلی ئێمە كرد و ئێستەیش پەشیمانن". سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا وای گوت.
سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند كە گەلی ئێمە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ڕای خۆی بە هەموو دنیا ڕاگەیاند كە ئەوە خواستەكەیەتی و بەوەیش هیچ تاوانێكی ئەنجام نەدابوو تا بەو شێوەیە سزا بدرێت، ئەوە ئیرادەی گەلی ئێمەیە و چەسپاوە.
لەسەر دۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و هەڵبژاردنەكانی مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند ئەگەرچی ناحەزان پێیان وابوو پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی پشتیوانیی تەواوی بۆ ڕیفراندۆم كەوتووەتە ژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی و تووشی شكست دەبێت، بەڵام بەهیمەتی كادران و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و جەماوەری گەلەكەمان، پارتی توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات و ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق.
سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند، دەسەڵاتدارانی بەغدا هەوڵیان دا كێشەی نێوان هەرێم و حكوومەتی عێراق بگوازنەوە ناو خەڵك تا ببێتە كێشەی نەتەوەكان، بەڵام خۆشبەختانە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی مانگی ئایاری ڕابردوو ئەوەی دەرخست كە خەڵكی عێراق لەگەڵ ئەوان نین و باوەڕیان بە چەواشەكارییەكانی ئەوان نەكردووە و ئەو دەموچاوانەیان سزا دا كە گەلی كوردستانیان ئازار داوە.
لەبارەی دانوستانەكانی ئێستەی نێوان لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە زۆربەی لایەنەكانی بەغدا پێیان باشە ئەنجوومەنێكی باڵای سیاساتی ستراتیجی دابمەزرێت كە بڕیارە ستراتیجییەكان لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن و لایەنی كوردستانیش تێیدا بەشدار بێت، ئێمەیش ئەو پێشنیارەمان بەلاوە پەسندە، چونكە دەبێتە گرەنتییەك بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەكانی عێراق و ڕێگەگرتن لە بڕیاری تاكڕەوانە. سەرۆك بارزانی جارێكی تر دووپاتی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی عێراق لەسەر سێ پرەنسیپی سەرەكی دابمەزرێت، شەراكەتی ڕاستەقینە لە بڕیارەكان، كە بەبوونی ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتی ستراتیجی گرەنتی دەكرێت، پابەندبوون بە سازان لە دەرچوونی یاساكان و ڕاگرتنی هاوسەنگیی لە سەرجەم داودەزگاكانی حكوومەت لەنێوان پێكهاتەكاندا.
لە بارەی هەڵبژاردنی كوردستانیشەوە سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند، پشتیوان بە گەلەكەمان، پارتی سەركەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێت و بەو سەركەوتنەیش حكوومەتێكی بەهێز و تۆكمە دێتە كایەوە كە بتوانێ چاكسازیی ڕیشەیی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئیداریی هەرێمی كوردستان بكات.
هانی كادرانی پارتیشی دا كە پابەندی یاسا بن و بە ئارامترین شێوە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن و وەڵامی تەشهیر و بێ ڕێزییەكان نەدەنەوە، كاتێك لە شوێنی تر وێنەی كاندیداكانی پارتی دەدڕێنن، ئێوە كە دەبینن وێنەی كاندیدەكانیان كەوتووەتە سەر زەوی، وێنەكانیان ڕاست بكەنەوە.
سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە كە پارتی خاوەن ئامانجێكی ستراتیجییە و بەپێی سیاسەتی ڕۆژ هەڵوێست ناگۆڕین و هیچ پاشەكشەیەكیش لەو ئامانجە ستراتیجییە ناكەین. هەر كەس و لایەنێكیش ئامانجی ستراتیجی هەبێت دەبێ ئامادە بێت گیانی خۆی لەپێناویدا بەخت بكات، بۆیە پارتی هەمیشە لە پێناو پاراستن و بەختەوەریی گەلەكەماندا خۆی بەخت دەكات.