مایك پۆمپیوى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا راى گه‌یاند، له ساڵانى داهاتوودا چین به‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌مه‌ریكا، زۆر له رووسیا ترسناكتر ده‌بێت.
له دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ
كه‌ناڵێكى ئه‌مه‌ریكى، مایك پۆمپیو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا باسى له ترسناكییه‌كانى چین ده‌كات و به‌ڕووسیاى به‌راورد ده‌كات.
پۆمپیۆ سه‌ره‌تا له باره‌ى رووسیاوه ده‌ده‌وێت و ده‌ڵێ، "ده‌بێت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا به‌رپه‌رچى رووسیا بداته‌وه و به‌ره‌نگارى ببێته‌وه، چونكه به‌شێوه‌یه‌كى دوژمنكارانه هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و ده‌ست له هه‌ڵبژاردنه‌كانمان وه‌رده‌دات".
مه‌به‌ستى پۆمپیو ئه‌و تۆمه‌ته‌یه كه له دوو ساڵى رابردوودا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ئاراسته‌ى رووسیا ده‌كرێت، گوایه رووسیا رێككه‌وتنى نهێنى له‌گه‌ڵ تیمى بانگه‌شه‌ى تره‌مپ هه‌بووه و ده‌ستى له كاروبارى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا وه‌رداوه.
دواتر پۆمپیو باس له چین ده‌كات و به‌ڕووسیاى به‌راورد ده‌كات و ده‌ڵێ، "به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یرى داهاتوویه‌كى دوورتر بكه‌ین، ئه‌وا مه‌ترسییه‌كى زیاتر بۆ سه‌ر شێوازى ژیانى ئه‌مه‌ریكییه‌كان و گه‌شه‌ى ئابوورى ئه‌مه‌ریكا، له‌لایه‌ن چینه‌وه ده‌بێت".
هه‌رچه‌نده پێشتریش دۆناڵد تره‌مپ بڕێكى زۆر باجى خستبووه سه‌ر كاڵاى چینى، به‌ڵام له‌م هه‌فته‌یه‌دا دووباره بڕێكى تر باجى خسته سه‌ر هه‌ندێك كاڵاى تر‌ى ئه‌م وڵاته.