تۆپخانەكانی توركیا بۆردمانی دەڤەری بەرواری باڵایان لە سنووری ئامێدی دەست پێ كردەوە و كەسێكیش بەهۆی بۆردمانەكانەوە گیانی لە دەست دا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، پەیامنێری "وشە" لە ئامێدی ڕای گەیاند، تۆپخانەكانی توركیا بە چڕی دەڤەری بەرواری باڵایان تۆپباران كردووە و ئاگر لە ڕەز و باخی هاووڵاتییانی ناوچەكە بەربووە.
پەیامنێرمان ئەوەیشی خستەڕوو كە تۆپبارانەكە گوندی بێدۆهی لە دەڤەری بەرواری باڵا گرتووەتەوە و ئێستە ئەو سنوورە بەهۆی بۆردمانەوە ئاگری تێبەر بووە، هاوكات چەندان خێزان لەو گوندە ژیان دەكەن و ئێستە لە دۆخێكی مەترسیدان.
ئەو تۆپبارانە لەكاتێكدایە كە ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا حەوت كەس لەو سنوورە بەهۆی بۆردمانەكانی توركیاوە بوونە قوربانی و هاوكات تا ئێستەیش بۆردمانەكە بەردەوامی هەیە.