توركیا رەگەزنامەی وڵاتەكەی بۆ دەرچوون لە تەنگژەی دارایی هەڕاج دەكات

:: PM:03:40:20/09/2018 ‌
بەردەوامی تەنگژەی دارایی و دابەزینی نرخی لیرە لە دەرئەنجامی ململانێیەكانی توركیا لەگەڵ ئەمەریكا، ئەو وڵاتە دووچاری تەنگژەیەكی توندی دارایی و ئابووری بووە، ئەمەش بەرپرسانی ئەنكەرەی ناچار كردووە بەهای دەست گەیشتن بە رەگەزنامەی وڵاتەكەیان هەڕاج بكەن بە ئامانجی دەرچوون لە تەنگژەی دارایی.

هەفتەی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بە مەرسوومێكی كۆماری خاڵی وەرگرتنی رەگەزنامەی توركی بۆ وەبەرهێنان هەموار كردەوە وەك بەشێك لە هاندانی وەبەرهێنەران بۆ رووكردنە ئەو وڵاتە، بەتایبەت دوای تەنگژەی دارایی و ئابووری كە بەرۆكی گرتووە.

بەگوێرەی رێنوێنییە تازەكە بێت هەر كەسێك خانوویەك لە توركیا بكڕێت بەهاكەی لە 250 هەزار دۆلار كەمتر نەبێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ نەیفرۆشێتەوە، ئەوا بۆی هەیە داوای رەگەزنامەی توركی بكات، كە پێشتر ملیۆنێك دۆلار بوو. جگە لەمە هەر كەسێكی بیانی 500 هەزار دۆلار لە بانكێكی توركی بۆ ماوەی سێ ساڵ دابنێت، ئەوا دەتوانێ رەگەزنامەی توركی وەرگرێت كە پێشتر سێ ملیۆن دۆلار بوو.

ئەو هەوڵەی توركیا لە كاتێكدایە بیرات ئەلبەیرەق وەزیری دارایی توركیا ئاشكرای كرد كە ئاستی وەبەرهێنان 3.8% لە ساڵی 2018 دابەزیوە.

بیرات پێشبینی كرد ساڵی 2019 رێژەی 2.3%ی تریش بچێتە سەر رێژەكەی ساڵی 2018، بەمەش تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا ئاستی وەبەرهێنان لە توركیا 5.5% دادەبەزێت.

لە نوێترین لێدوانیشیدا دوێنێ چوارشەم 19ی ئەیلوول، جارێكی تر ئەردۆغان رەتی كردەوە وڵاتەكەی دووچاری تەنگژەی دارایی هاتبێت، رای گەیاند ئەوەی روو دەدات یاری پێكردنە بە بەهای نرخەكان.

چاودێرانی ئابووری و بانكی كۆكن لەسەر ئەوەی لەگەڵ هەر لێدوانێكی ئەردۆغان بەهای لیرە لە بازاڕدا زیاتر دادەبەزێت، بەهۆی ئەو دەستوەردانەی خۆی و زاواكەی لە سەربەخۆی بانكی ناوەندی توركیا.

ئێوارەی سێشەم بەهۆی لێدوانێكی ئەردۆغان، لیرەی توركی بە رێژەی 2% بەهای لە بازاڕ دابەزی و ئێستە 645 لیرە بەرانبەر بە 100 دۆلاری ئەمەریكییە كە پێشتر 631 لیرە بوو.

چاودێرێكی بانك و دارایی تورك دەڵێ، دابەزینی بەهای لیرە دەرئەنجامی لێدوانی ئەردۆغان بوو بۆ رۆژنامەی "حوڕییەت" لە بارەی رێوشوێنی حكوومەت دژ بە ئەندامانی حزبی گەلی كۆماری كە 28%ی پشكەكانی بانكی "ئێچ بانك" هی ئەوانە، ئەمەش وایكرد پشكەكانی بانكی ناوبراو دابەزێت، هاوكات كاریگەری لەسەر پشكی بانكەكانی تریش دانا.

دوای لێدوانەكەی ئەردۆغان، بانكەكانی توركیا ئاشكرایان كرد كە بانكی ناوەندی بەهای سوودی سەر لیرەی بۆ 13% زیاد كردووە كە پێشتر تەنیا 7% بوو، ئاماژەیان بەوەش دا كە ئەمە وادەكات بانكەكان دەست بە دۆلارەكانیان بگرن.
 
جێی باسە بەهای لیرەی توركی لەدوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی حوزەیرانی 2016 تا ئێستە 40% دابەزیوە، لە سەرەتای ئەمساڵیش تا كۆتایی مانگی ئابی رابردوو، لیرە 25%ی بەهاكەی لە دەست داوە كە لە 15 ساڵی رابردوودا لیرەی توركی وەها دابەزینێكی بەخۆیەوە نەدیوە.

 هەر پێوەند بە كەمكردنەوەی رێنوێنییەكانی پێدانی رەگەزنامەی توركی بە وەبەرهێنەران، حكوومەتی توركیا بە نیازە لیژنەیەكی هاوبەش لە نوێنەرانی وەزارەتەكانی ناوخۆ، دارایی، ژینگە، كار، پیشەسازی و وەزارەتەكانی تری پێوەندار پێكبهێنێت بۆ بەدواداچوون لە بارەی دۆسیەی ئەو كەسانەی داواكاری پێشكەش دەكەن بۆ وەرگرتنی رەگەزنامەی توركی، بۆ ئەم  مەبەستەش چەندان نووسینگەی تایبەت بەو پرسە دەكەنەوە كە لەژێر چاودێری لیژنە هاوبەشەكەی حكوومەت دەبێت.

ئەو گۆڕانكارییە نوێیەی لە پرسی پێدانی رەگەزنامە لە كاتێكدایە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، حكوومەتی ئەردۆغان بۆ یەكەمجار سێكتەری خانووبەرە خستە ناو لیستی پێدانی رەگەزنامە و چەند رێنوێنییەكی بۆ دەركرد.

بەپێی رێنوێنییەكانی ئەوكات بێت، هەر وەبەرهێنێك بۆی هەیە داوای رەگەزنامەی توركی بكات ئەگەر خانووبەرەیەكی كڕی بە بەهای یەك ملیۆن دۆلار، بەو مەرجەی بۆ سێ ساڵ نەیفرۆشێتەوە.

هاوكات رێنوێنیی ئەوەیشی دەركرد هەر هاووڵاتییەكی بیانی سێ ملیۆن دۆلار لە بانكێكی توركی دابنێت بۆ ماوەی سێ ساڵ، مافی هەیە داوای رەگەزنامەی توركی بكات، هەفتەی رابردوو ئەمەش گۆڕانكاری بەسەردا هات و كرا بە 500 هەزار دۆلار.

چاودێران پێیان وایە سووك كردنی مەرجەكان بۆ پێدانی رەگەزنامە، پاشەكشەیەكی روونی توركیایە لەوەی شكستی هێناوە لە سەرنج راكێشانی گەورە وەبەرهێنەرانی بیانی، ئەمەش وایكردووە رێنماییەكانی سووك بكات بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت سەرنجی وەبەرهێنە بچووكەكان رابكێشێت و دۆلارەكانیان بخەنە بازاڕی توركی، بەڵكو توركیا لە تەنگژەی دارایی و دابەزینی بەهای لیرە رزگاری دەبێت.
چاودێران ئەوەش دەخەنەڕوو دۆخی سیاسی توركیا و تێوەگلانی لە تەنگژە هەرێمایەتییەكان بەتایبەت سووریا، لەگەڵ تێكچوونی پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئابووری زەبەلاحی وەك ئەمەریكا و ئەڵمانیا،  هەمووی هۆكارن لەوەی توركیا لە وڵاتێكی سەرنج راكێش بۆ گەورە وەبەرهێنەرانی بیانی ببێتە وڵاتێكی نا سەقامگیر بۆ كاری وەبەرهێنان هەروەك ئاماژەكانی پۆڵینی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەتمەند بەو پرسە جەختی لێدەكەنەوە.

چاودێرانی ئابووری ئەوەش دەخەنەڕوو كۆی هەموو ئەو پرسەی لە توركیا روودەدات، ئەردۆغانی ناچار كردووە بە فرۆشتنی رەگەزنامەی توركی بە كەمترین نرخ بە مەبەستی دەرچوون لە تەنگژەی دارایی و بەرزكردنەوەی بەهای لیرە بە كەمترین زیان، بۆ ئەوەی ئەگەر لەو هەنگاوەی سەركەوتوو بێت، ئەوا جارێكی تر بە دروشمە كۆنەكانی ئاڵنگار بوونەوە لەگەڵ ئەمەریكا بێتەوە سەر شاشەكان و لێدوان بكات.

جێی باسە توركیا مامەڵە لەگەڵ كۆمەڵێك خاڵی لاوازی دەكات لەگەڵ پەیكەری ئابووری وڵاتەكەی لە لایەك، لە لایەكی تریش ئەو كورتهێنانەی لە بودجەی 2018 دووچاری هات، هاوشانی ئەوەش بەرزبوونەوەی قەرزە تایبەتەكانی بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە و بەرز بوونەوەی رێژەی بێكاری لە وڵات.



وشە - فه‌رمان سادق