نیوزیلەندا بەشداركردنی لە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە بە گرنگ دەزانێت

:: PM:03:47:20/09/2018 ‌
لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و باڵوێزی نیوزیلەندا لە عێراق، چەند پرسێكی پێوەست بە هەرێمی كوردستان و عێراق تاوتوێ‌ كران و دووپات لە هاوئاهەنگی نێوان یەكتر كرایەوە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ برادلی سویدن باڵوێزی نیوزیلەندا لە عێراق، كۆ بووەتەوە و سویدن لەبارەی بەشداریی وڵاتەكەی لە بواری مەشق و ڕاهێناندا لە شەڕی دژی داعش و‌ پرۆسەی تێكشكاندنی لە ڕووی سەربازییەوە و ئەنجامەكانی و هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی ژیانی خەڵك دوای شەڕەكە و ئەو هەڕەشانەی ئێستە لەسەر سەقامگیریی هەیە، پوختەیەكی خستە ڕوو. هاوكات ستایشی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان.

وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییەكانی نیوزیلەندای لە شەڕی دژی داعشدا لە عێراق كرد و ئاماژەی بە پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەڕووی هزرییەوە، دابینكردنی ئاسایش، خزمەتگوزاریی سەرەتایی، دەرفەتی كار و ئاوەدانكردنەوە، بەرەوپێشبردنی‌ بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری كرد. 

نێچیرڤان بارزانی پوختەیەكیشی لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان تیایدا پێشكەش كرد و پێویستیی سوود وەرگرتن لە ئەزموونەكانی ڕابردوو و پێكەوەكاركردن و سەقامگیری، دووپات كردەوە.

هاوكات هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەوڵەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت بە بەشداریی هەموو پێكهاتەكان، گرنگیدان بە داخوازییەكانی هاووڵاتییان، پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان و هاوكاری و پشتگیریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كران.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم