پارتی كاندیدی سەرۆك كۆمار یەكلا دەكاتەوە

:: PM:04:30:20/09/2018 ‌
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، هەفتەی داهاتوو پارتی ناوی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەشی پەرلەمانی عێراق دەكات و كاریش دەكات بۆ ئەوەی كاندیدەكەی پارتی دەنگی پێویست بە دەست بێنێت.

دوێنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرهەم ساڵحی وەك كاندیدی سەرۆك كۆمار دیار كرد ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی بەرهەم ساڵح دەستی لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كێشایەوە و گەڕایەوە ناو یەكێتی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، مەحموود محەممەد گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، بڕیاربوو لەگەڵ یەكێتی لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێككەوین، بەڵام ئەوان بەبێ ئەوەی ئێمە ئاگاداربكەنەوە، كاندیدێكیان بۆ ئەو پۆستە دیاری كردووە.

گوتەبێژی پارتی بۆ كەناڵی كوردستان24 گوتی، بەپێی ئیستیحقاق دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار مافی پارتییە، ئەو پرسەیش لەگەڵ یەكێتی باس كراوە پێشتر، بەڵام بڕیاری پارتی ئەوەیە كە كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت و كاریش بۆ دەرچوونی كاندیدەكە دەكات.

لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردوو پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناو بووە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، بۆیە بەو پێیە بێت پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی ئەو حزبە دەبێت و پارتی  دووپات لەوە دەكاتەوە كە دەست لەو پۆستە هەڵناگرن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم