بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر بەرێوە دەچێت

:: PM:04:45:20/09/2018 ‌
كەمێك لەمەوبەر بانگەشەی لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر دەستی پێ كرد و نێچیرڤان بارزانی جێگیری سەرۆكی پارتی بڕیارە گوتارێك پێشكەش بكات.

لەمیانەی بەرێوەچوونی كەرنەڤاڵەكەدا گوتاری یەكێتی قوتابیانی كوردستان خوێنرایەوە و تیایدا ئاماژە بەوە كرا كە  پارتی بەردەوام پاڵپشتی سەرخستنی لاوان و قوتابیان و ژنان بووە و بەردەوام هەوڵی سەرخستنی ئەو توێژانەی داوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارە 183ی بەشداری لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی داهاتوو دەكات.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، 29 قەوارەی سیاسی بە 773 كاندید كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكەن. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلول ئەنجام دەدرێت، سێ ملیۆن و 85 هەزار و 461 كەس مافی دەنگدایان، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 911 هەزار و 313 كەس لە دەنگدانی گشتی بەشداری دەكەن و 174 هەزار و 148 كەسیش بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەكات.
لە پارێزگای هەولێر، ملیۆنێك و 101 هەزار و 518 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە پارێزگای سلێمانی ملیۆنێك و 195 هەزار و 417 كەس، لە دهۆك 676 هەزار و 860 كەس و لە هەڵەبجە 56 هەزار و 934 كەس مافی دەنگدانی گشتیان هەیە. پێوەند بە هەڵبژاردنی تایبەت، لە هەولێر 66 هەزار و 654 كەس، لە سلێمانی 61 هەزار و 762 كەس، لە دهۆك 42 هەزار و 515 كەس و لە هەڵەبجە سێ هەزار و 217 كەس، مافی دەنگدانیان هەیە.

لە تەواوی هەرێمی كوردستان، كۆمسیۆنی باڵا 218 بنكەی لاوەكی و هەزار 327 بنكە و پێنج هەزار و 811 وێستگەی بۆ دەنگدەران داناوە تا لێیەوە دەنگ بدەن، لە هەولێر 577 بنكە و دوو هەزار و 271 وێستگە، سلێمانی 536 بنكە و هەزار و 468 وێستگە، دهۆك 303 بنكە و هەزار و 343 وێستگە و هەڵەبجە 136 بنكە و 139 وێستگە هەن، كە 77 هەزار فەرمانبەری كۆمسیۆن پڕۆسەكە بەڕێوە دەبەن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم