نێچیرڤان بارزانی: دەبێ‌ پارتی ڕۆڵی گەورەتری لە كوردستان هەبێت

:: PM:05:06:20/09/2018 ‌
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانەی بەشداری لە كەرنەڤاڵی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر گوتارێكی پێشكەش كرد و ڕای گەیاند، ڕابردوو سەلماندوویەتی شەراكەتی بێ‌ بەرنامە كۆسپ دروست دەكات نەك پێشكەوتن، بۆیە دەبێ‌ دەنگی زیاتر بۆ پارتی كۆ بكەینەوە.

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەكەیدا گوتی، دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین كە سیستەمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بگۆڕین بۆ سیستەمێكی تری مۆدێرن و ئەوەیش تەنیا بە پارتی دیموركراتی كوردستان دەكرێت. دووپاتیشی كردەوە كە دەمانەوێ‌ دەنگی پارتی زیاتر بێت و ڕۆڵی گەورەتری هەبێت لە بەرێوەبردنی كوردستان دا.

نێچیرڤان بارزانی گوتی، ڕابردوو سەلماندوویەتی شەراكەتی بێ‌ بەرنامە كۆسپ دروست دەكات نەك پێشكەوتن، بۆیە دەبێ‌ دەنگی زیاتر بۆ پارتی كۆ بكەینەوە، چونكە پارتی دەستێكی ئەمینە و وەك حزبی باوڕپێكراوی كوردستانیش دەمێنێتەوە.

جێگری سەرۆك پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هێزی پارتی لە پشتگیری خەڵكەوە هاتووە. نێچیرڤان بارزانی گوتی، لە هەڵبژاردنی عێراق هەندێك كەس دەیانگوت نەخشەی سیاسیی كوردستان دەگۆڕێت و پارتی هێزی یەكەم نابێ‌، بەڵام خەڵك بۆ دوژمنانی سەلماند كە پارتی پێشڕەوە و بە پێشڕەویش دەمێنێتەوە.

" ئەمڕۆ لێرەین پێكەوە بۆ پشتیوانی لە لیستی183ی پارتی هەر تەنیا بۆ ئەوە لێرە نین كە دەنگ بە لیستەكە بدەین، بەڵكو بۆ ئەوەیش لێرەین كە دەنگی زیاتری بۆ كۆ بكەینەوە، لە پێناو ئەوەی پارتی هێز و گوڕێكی زیاتری لە بەڕێوەبردنی داهاتووی ئەم وڵاتەدا هەبێ. مافی خۆمانە خەڵكی زیاترمان هەبێ و هەموو خەڵكیش ئەو مافەی هەیە. ڕابردوو سەلماندوویەتی كە شەراكەتی لاواز و لەرزۆك و بێبەرنامە زیاتر كۆسپ درووست دەكات نەك پێشكەوتن. لەبەر ئەوە دەبێ ئێمە هەوڵ بدەین زۆرترین ژمارەی دەنگدەر دەنگ بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن. ئەم پارتە لە مێژوو سەلماندوویەتی كە پارتی دەستێكی ئەمینە و حزبێكی باوەڕپێكراوی زۆرینەی خەڵكی كوردستانە. بە پاڵپشتیی ئێوەی خۆشەویستیش، پارتی هەر دەمێنێتەوە بەحزبی باوەڕپێكراوی هەموو كوردستان" نێچیرڤان بارزانی وای گوت.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە هەر پارتی بوو بە پشتیوانیی خەڵكی ناوی كوردستان و دۆزی گەلی كوردستانی بە دونیا ناساند و گوتی" ئێمە بووین ناحەزانمان هێنایە سەر كورسیی مێزی دانوستاندن، هەر ئەم پارتییە بوو وایكرد نەیارانی كوردستان بەرانبەر بە ویستی گەلی كوردستان بێنە سەر چۆك. ئێمە بووین لە مێژووی 72 ساڵەی پارتیدا یەك جاریش ڕێگەمان بە دۆزی كوردستان هەڵە نەكرد، دەزانن بۆ؟ لەبەر ئەوەی هەموو ساتێك هەزاران لاوی وەك ئێوە، كوڕان و كچانی كوردستان، نەك تەنیا بە هێزی دەست و بازوو، بەڵكو بەهێزی مێشك و بیركردنەوەی خۆیاندا، لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی و لەگەڵ بارزانیدا بوون".

نێچیرڤان بارزانی ئەوەیشی گوت، ئێمە زۆرجار ئەگەر باجیشمان دابێت لەبیر نەكەن، ئێمە باجی ڕاستگۆیی خۆمان داوە بەرانبەر بە گەلی كوردستان. زۆرن ئەو لایەنانەی كە باجی چەوت و هەڵەی سەركردایەتیی خۆیان دەدەن لە كوردستاندا. حزبێكی وەك پارتی كە هەموو تەمەنی خۆی وەك ئەمڕۆ لەگەڵ بیری لاوان و ژنان بێ، دڵنیا بن ئەو حزبە رۆژێك نابەزێت و ناكەوێت و بەرەو سەركەوتن دەڕوات.

لەبارەی دۆخی ئابووری كوردستانیش گوتی، دڵنیاتان دەكەمەوە ئەم بارە ئابوورییەی هەیە كاتییە و وردە وردە تێدەپەڕێ، چوار ساڵی زۆر زۆر سەختمان تێپەڕكرد كە ئەگەر بە پشتیوانیی ئێوە نەبووایە زۆر زەحمەتتر دەبوو. تێگەیشتنتان هێزێكی زۆری بە ئێمە دا بۆ بەردەوام بوون لە ئەركەكان و كوردستان چاوی لە داهاتووی گەشە، جارێكی تر سەركوتكردن و پێشێلكردن نایەتەوە بۆ كوردستان، بەڵام ئێمە دەبێ قووڵتر لە كوردستان بڕوانین تا نرخی دەستكەوتەكانمان باشتر بزانین.

لە كۆتایدا نێچیرڤان بارزانی هێمای بۆ ئەوە كرد، سەرەڕای هەموو ئازادییەك كە هەمانە، كۆمەڵگەی كوردستان تاكە شوێنە ئیسلامی توندڕەو و ڕادیكاڵ گەشەی تێدا نەكردووە، هۆیەكەشی بۆ كەمیی كێشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆڵی مامۆستایان تێیدا، كوردستان تاكە كۆمەڵگەیە لە دنیای ئیسلامدا هیچ تایەفە و ئایینێك بە سووكی سەیر ناكات و ئەمەیش شانازییەكە كە قەت نابێ لەبیری بكەین.

 هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، ساڵانی ڕابردوو هەرێمی كوردستان باوەشی بۆ نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری شەڕی داعش كردەوە، بێ ئەوەی كۆمەڵگەی كوردستان بۆ یەكجاریش سكاڵا بەرز بكاتەوە، هەرچەندە كە لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی كوردستان زۆر گەورە بوو، بەڵام دەبێ بزانین میواندۆستی لەناخی تاكی كوردستاندایە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم