بەرپرسێكی گۆڕان بۆ لاهوور: تۆ پیاوی ئێران و شێری ناوەوە و ڕێوی دەرەوەی

:: PM:05:29:20/09/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان ڕەخنەی توند ئاراستەی لاهوور جەنگی دەكات و بە پیاوی قاسم سلێمانی و ئێران ناوی دەبات. دووپات لەوە دەكاتەوە كە "لاهوور شێری ناوەوە و ڕێوی دەرەوەیە".

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، سێوە خدر لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وەڵامی هەڕەشەكانی لاهوور جەنگی داوەتەوە كە باسی لەوە كردبوو ئەگەر كەناڵەكانی گۆڕان هێرشەكانیان بۆ سەر قوباد تاڵەبانی ڕانەگرن، ئاودیوی سنووریان دەكەین و لە بەرانبەردا سێوە دەڵێت، ئێوە پیاوی قاسم سولەیمانی و بە كرێگیراوی ئێرانن، بۆیە پێویستە ئێوە ئاودیو بكرێن و ئێوە شێری ناوخۆ و رێوی دەرەوەن.

بەرپرسەكەی گۆڕان لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێ، بڕۆن كەركووك و 51% ی ناوچە داگیركراوەكان لە دەستی حەشدی شەعبی دەربێننەوە كاتێك بە خیانەت ڕادەستتان كرد.

" شەرم بتانگرێت كە هەڕەشە لە خەڵكی خۆتان دەكەن و وەك كرێچی ئێوە بن و خۆتان خاوەن ماڵ بن، چونكە هەڕەشە و كاتی خۆگیڤكردنەوە گوزەشت و زۆرمان بینی". بەرپرسەكەی گۆڕان وا بە لاهوور جەنگی دەڵێ.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتریش گۆڕان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی بەوە تۆمەتبار كردبوو كە دەستیان لە پشتی تەقەكردنەكەی شەوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە بەسەر مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕاندا لە سلێمانی، بەڵام دواتر بەرپرسانی گۆڕان بێدەنگیان لەبەرانبەر ساختەكارییەكەی یەكێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەڵبژارد و لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان پێشوازییان لێ كردن، ئەمەش جەماوەری گۆڕانی بە تەواوی نیگەران كرد.

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم