بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر سەتان جووتیاری كورد لە خانەقین ناتوانن كاری كشتوكاڵی بكەن

:: PM:06:47:20/09/2018 ‌
ژمارەیەك جووتیاری كوردی سنووری خانەقیین زەوییەكانیان لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و عەرەبی هاوردەوە داگیر كراوە و ئەمساڵ ناتوانن كشتوكاڵ بكەن، بەرێوەبەری كشتوكاڵی سنوورەكەیش دەڵێت، ئەو زەویانەی داگیر كراون بە سەتان دۆنم دەبێت.

ژمارەیەك لە جووتیارانی كوردی سنووری خانەقین و شارەدێی گوڵاڵە بە "وشە"یان ڕاگەیاند، زیاتر لە هەزار جووتیاری سنووری شارۆكەی خانەقین بەهۆكاری ئەوەی زەویەكانیان عەرەبە هاوردەكانی سەردەمی بەعسی بۆ گەرێنراوەتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە ئەمساڵ ناتوانن كشتوكاڵ بكەن.
 
محەمەد حەسەن یەكێك لەو جووتیارانە بۆ "وشە" ئاماژەی دا، جووتیارانی سنووری گوڵاڵە و جەبارە و گوندەكانی باكوری ڕۆژئاوای خانەقین، بەرێوەبەرایەتی كشتوكاڵی خانەقینیان ئاگادار كردووەتەوە كە زەویەكانیان داگیر كراوەتەوە و هەندێكی كەوتووەتە دەست میلشیاكانی حەشدی شەعبی و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی كشتوكاڵ بكەن.
 
ئەو جووتیارە گوتی، بەهۆی داگیركردنی زەوییەكانیانەوە زیاتر لە هەزار جووتیار زەرەرمەند بوونە ئەوەیش بەهۆی لێكەتەوەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر.

هاوكات كامەران عەبدوڵا بەرێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لە سنووری گەرمەسێر و گەرمیان وەرزی كیڵانی زەوی و چاندنی دانەوێڵە دەكەوێتە پێش ناوچەكانی تر بە هۆی سروشتی ناوچەكەوە، بەڵام بەهۆی مەترسی جووتیارانی كورد بۆگەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان  و سوود وەرگرتنی عەرەبی هاوردە لەو دۆخەی لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دروست بووە ڕووبەرێكی زۆر كە بەسەتان دۆنم دەبێ ناتوانرێت كشتوكاڵی تێدا بكرێ‌,
 
لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو كە چەند كەسێكی ناو یەكێتی خیانەتیان كرد و دەسەڵاتی سەربازیان هێنایەوە سنوورەكە، جووتیارانی كورد ناوچەكەیان جێهشت و كشتوكاڵیان نەكرد، ئێستەیش هەمان مەترسیان هەیە و ناتوانن بگەڕێنەوە.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم