مەسروور بارزانی: دەبێ حكوومەتی داهاتوو بەهێز بێت

:: PM:07:22:20/09/2018 ‌
مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە خولی دەرچوونی 23یەمینی قوتابیانی زانكۆی دهۆك گوتارێكی پێشكەش كرد و پیرۆزبایی لە قوتابیان كرد، هاوكات داوای لێ كردن كە بەردەوام بن لە پەرەدان بە زانستەكەیان تا كوردستان زیاتر بەهێز بێت.

مەسروور بارزانی لە گوتارەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەو كاتەی زانكۆی دهۆك دامەزرا گەورەترین كێشەمان دارایی بوو ئەو كاتە سەرۆكی زانكۆ گوتی ئەگەر هاوكاری دارایمان نەكەن ناتوانن بەردەوام بین، بۆیە سەرۆك بڕیاریدا كە لایەنی دارایی بۆ ئەو زانكۆیە تەرخان بكات و پێی وابوو نابێ‌ قوتابی دهۆك بێبەش بن لە خوێندن و ئەمڕۆ سەربڵندین كە زیاتر لە چوار هەزار قوتابی بڕوانامە وەردەگرن.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە گوتارەكەیدا ڕای گەیاند، پێشكەوتنی گەورە لە زانكۆی دهۆك دەبینرێت سەرباری ئەوەی شەڕی گەورەمان بەڕێكرد و تەنگژەی دارایی بەسەرماندا هات، بۆیە پێویستە سوپاسی مامۆستایان بكەن.

ڕوونیشی كردەوە كە زانست و پێشكەوتن هیچ سنوورێكی نییە، بۆیە داواكارم لێتان بەردەوامی بە زانست بدەن و پێگەی خۆتان زیاتر بەهێز بكەن و سوودی زیاتر بەدەورووبەری خۆتان بدەن.

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە دروشمی كورستانێكی بەهێز گرنگە و ئەوەیش پێویستی بە مرۆڤی بەهێز هەیە، بۆیە بە هێزی ئێوە ڕۆژ بەڕۆژ كورستان بەهێزتر و هەنگاوی بەهێزتر دەنێت، هیچ كەسێك لەدنیا نایەت وڵاتی ئێمە بەرەو پێش ببات و پێشكەوتنەكە لە ئەستۆی خۆماندایە.

مەسروور بارزانی هێمای بۆ ئەوە كرد قەرزاری پێشمەرگە و شەهیدانین و هەرگیز رێبازی ئەوان لە بیر ناكەین و پێویستە وڵاتمان بپارێزێن.

" پێویستە حكوومەتی داهاتوو بەهێز بێت بۆ ئەوەی هەلی كار لە كەرتی گشتیی و كەرتی تایبەت بۆ ئێوە دابین بكات، بۆیە هەڵبژاردنی داهاتوو چارەنووسسازە، هەمووتان لە ڕۆژی هەڵبژاردن بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن بەوەی كە پێتان وایە خزمەتكاری ئێوە بووە و بەرگری لە كوردستان كردووە" مەسروور بارزانی وای گوت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم