لە مەرزی باشماخەوە ئێران خۆراكی ژەهراوی دەنێنرێتە كوردستان

:: PM:08:27:20/09/2018 ‌
ئێران لە ڕێی مەرزی باشماخەوە بەردەوامە لە ناردنی خۆراك و كەلوپەلی ماوە بەسەرچوو، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لە لایەن هێزەكانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی باشماخەوە بڕی زیاتر لە دوو تۆن جگەری مریشكی بەستووری ئێرانی كە بەكارهێنانی زیانی بۆ هاووڵاتییان هەبووە و ژەهراوی بووە دەستی بەسەردا گیرا.

ئەزوەر مەحموود سەرپەرشتیاری مەرزی نێوەدەوڵەتی باشماخ، بە "وشە"ی راگەیاند، لەدرێژەی هەوڵەكان بۆ ڕێگریكردن و بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان، لەكاتی هاتنی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر لە ئێرانەوە بۆ ناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخی هەرێمی كوردستان، توانراوە رێگە لە هاوردەكردنی بڕێكی زۆر لە جگەری مریشكی بەستووی ئێرانی بگیرێ بۆ ناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان.

ڕوونیشی كردەوە كە توانیویان بڕی دوو هەزار و 150 كیلۆگرام كە دەكات دوو تۆن و 15 كیلۆگرام لە جگەری مریشكی بەستووی ئێرانی دەستی بەسەردا بگرن و دواتر لەلایەن تیمێكی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە لە ناوبراوە.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ كە وێنەیەكی دراوەتە "وشە" لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیەكەوە توانراوە بڕی نزیكەی یەك ملیۆن و 430 هەزار كیلۆگرام، لەخۆراكی خراپ و بەسەرچوو كە لەنێویدا جگەری مریشكی بەستووی ئێرانی هەبووە لەناوببرێت.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و هەرێمی كوردستان بەشاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبەستێتەوە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی
 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم