بەشێك لە سیاسەتوانانی سوننە چۆن بوون بە سەربازی ئێران؟

:: PM:09:31:20/09/2018 ‌

هەڵبژاردنی پەرلەمانتاری سوننە محەمەد حەلبووسی وەك سەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بە پاڵپشتیی راستەوخۆی بەرەی شیعەی سەر بە ئێران، هاوپەیمانی فەتح بە سەركردایەتی هادی عامری، كە هەموو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كۆ كردووەتەوە و راستەوخۆ لەژێر كاریگەری قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێراندایە، چەندان پرسیاری لە واشنتن دروست كرد لەبارەی رێڕەوی زۆرێك لە سیاسەتوانانی سوننە گرتیان بەرەو وەستان لەژێر چەتری ئێراندا.  

رۆژنامەی "حەفریات" بۆچوونی ژمارەیەك چاودێر و سیاسەتوانانی عێراقی دانیشتووی ئەمەریكای لەو بارەوە وەرگرت بۆ شیكردنەوەی ئەو رەوتەی بەشێك لە سیاسەتوانانی سوننە كە سەرەتاكەی لە 2012 بۆ 2014 دیاركەوت و ئەوان بە "سوننی مالیكی" ناسران، واتە ئەو سیاسەتوانانەی سوننە كە هاوپەیمانیەتیان لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق (شیعە) پێ باشتر بوو كە بە سیاسەتە تایفی و لایەنگری ئێران دەناسرا، بەو هیوایەی بەدەستهێنانی پۆستی باڵا لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراقی كە بەدەستیان هێنا و لەگەڵ حكوومەتی عەبادیش لە 2014 بەردەوام بوون. 

رەمەزان بەدران، شرۆڤەكاری سیاسی و بەڕێوەبەری سەنتەری باشوور بۆ پەرەپێدان و گەشەسەندن لەو بارەوە دەڵێت، ئەوەی هەفتەی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق رووی دا پێوەندی بە ساڵانێك لە رەوتی كۆنترۆڵكردن و باڵادەستیی ئێرانەوە هەیە و روونی كردەوە، ئەوە مانای یاریكردنی ئێرانییەكان بە جومگەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەگەینێت، چونكە ئەوان نەیانهێشت ئەنجوومەنی فیدراڵ دامەزرێت و دەستیان لە دسەڵاتی یاسادانان و هەڵبژاردن وەردا و لە 2010 مانای فراكسیۆنی گەورەیان گۆڕی، ئەو كات قاسم سلێمانی پاڵەپەستۆی خستە سەر شیعە بۆ بەشداربوون لە یەك هاوپەیمانیەتی تایفی. 

بەدران كە ژمارەیەك پڕۆژەی پەرەپێدانی لە بەسڕە جێبەجێ كردووە زیاتر گوتی، ئامادە نەبوونی توێژە نیشتیمانییەكان و هەڵبژاردنی خۆپاراستنیان و هەوڵدانیان بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت، هەنگاوەكانی قاسم سلێمانی ئاسانتر كرد و ئەو دەستی كرد بە پێدانی دەستكەوتی شیعە بەوان و عێراق بەشێوەیەك دەركەوت كە موڵكی دەستی ئەوە.

لای خۆیەوە عەبدورەحمان جبووری، توێژەر و نووسرە و شرۆڤەكاری سیاسی لەبارەی ئەو رەوتەی بەشێك لە سیاسەتوانانی سوننە گرتوویانەتە بەر وای دەبینێت كە ئەو هەڵوێستە لەلایەن ژمارەیەك بەرپرسی لە بنەڕتدا گەندەڵ هات، كاتێك زۆرێك لە سوننە خۆیان بەلاواز بینییەوە، ئەوان چوون بەرەو حەشدی شەعبی كە خاوەن هێز بوون و لەژێر فەرمانی قاسم سلێمانی كاریان دەكرد، بۆیە دوودڵ نەبوون لە كاركردن لەگەڵ سەرچاوەی ئەو هێزە كە خودی قاسم سلێمانییە.

جبووری كە كەسایەتییەكی خاوەن پێوەندی بەهێز بە خاوەن بڕیاری ئەمەریكا لەبارەی عێراقەوە زیاتر گوتی، دەبوایە سوننە یان خۆیان لەگەڵ دۆخی ئێستە بگونجێنن یان بەتەواوەتی لە گۆڕەپانی سیاسی دوور بكەونەوە، بۆیە دۆخەكە ئەوانی بە ئێستە گەیاند وەك لایەنگر و دواكەوتووی ئێران، ئەوەیش دوای شكستهێنانیان لە رازیكردنی عەرەب و ئەمەریكا بە تێگەیشتنی بۆچوونی ئەوان و بە رژدی یارمەتیدانیان.   

لای خۆیەوە د.هەیسەم هیتی، توێژەر و شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەوە دەڵێت، ئاخۆ ماقووڵە ئەقڵی سیاسی عێراقی بگاتە ئەو ئاستە و كەسێكی هەرزەكاری سیاسی بۆ سەرۆكی پەرلەمان بێتە هەڵبژاردن، واتە محەمەد حەلبووسی خاوەن 37 ساڵ، لە دەستەوارەیەك لەگەڵ ئێران كە نیازەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی عێراق و داهاتەكەی شارەواوە نییە؟.

هیتی كە نووسین و توێژینەوەكانی لە ژمارەیەك سەنتەری لێكۆڵینەوەی گرنگ لە واشنتن بڵاو دەكاتەوە وای دەبینێت كە ئێران كۆنترۆڵكردنی بۆ عێراق تەواو نەكردووە و بەڵگەیش ئەو خۆپێشاندانانەی باشووری عێراقە، بۆیە بەم دواییە كەڵپەكانی خۆی لە رێگەی سووربوونی بۆ پێشكەیشكردنی كەسایەتییەكی سوننەی نزیك لەخۆی وەك كاردانەوە بۆ توڕەیی جەماوەری لە دژی دەرخست.  

هیتی دووپاتی كردەوە كە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق بە تەواوەتی گوێڕایەلی ئێران دەبێت و ئاماژەی كرد، ئێستە لە عێراق كۆمەڵگایەكی راستەقینەی سوننە بوونی نییە، چونكە بەهۆی جەنگی داعشەوە بووەتە كۆمەڵگایەكی پەراوێزخراو و ناكارا و بێتوانا بۆ وەرگرتنی بڕیاری تایبەت بەخۆی یان سەبارەت بە دۆخی وڵات بەگشتی.

هیتی لە كۆتادا ئاماژەی كرد، ئێستە كۆمەڵگای سوننە یان بەشەكانی بە پێویستییەكانی بژێوی سەرقاڵن وەك كۆكردنەوەی ئاوارە و راگوێزراوەكان و دابینكردنی خۆراك و دەرمان و پێویستی فێربوون و ئەو بابەتانەیش رێگری لە مرۆڤ دەكەن لە بیركردنەوە لە پرسەكانی وەك بڕیاری سیاسی، بۆیە ئەمڕۆ كۆمەڵگای سوننە لە دۆخی بێئاگاییدایە و ئەگەر بیەوێت دۆخەكەیشی بگۆڕێت، ئەوە بەشێك لە نوێنەرانی لە پەرلەمان چەند دەستەوارەیەك كە بەكەمترین وەسف تەواو گەندەڵین، دەنگەكانی دەفرۆشن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل