نرخی تمەن گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی

:: PM:12:04:26/09/2018 ‌

نرخی تمەن لە دابەزیندایە و دوای گەیشتن بە سەرووی 17 هەزار تمەن بۆ هەر دۆلاریكی ئەمەریكی، دیسان نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی تۆمار كرد.

نرخی تمەنی ئێرانی لە كاتێكدا دادەبەزێت كە هێشتا سزاكانی ئەمەریكا لە دژی بە تەواوی دەستیان پی نەكردووە و سزا قورسەكە لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەست پێ دەكات. ئەم جارە ئەمەریكا كەرتی نەوت دەكاتە ئامانج و دەیەوێ رێگری لە فرۆشتنی نەوت بكات كە لەو كاتەشدا نرخی تمەن هێندەی تر دادەبەزێت.

نرخی تمەن رۆژانە لە دابەزیندایە و گەیشتووەتە ئاستێكی ئەوەندە نزم كە بازاڕەكانی ئێرانی بە تەواوی راگرتووە. هەمووی مانگێك نابێت نرخی دۆلار بە 10 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرا و لەو ماوە كورتەدا دەبێت حەوت هەزاری ترت پێ بێت بۆ ئەوەی بتوانی دۆلارێك بكڕی.

نرخی تمەن دوای ئەوە دابەزی كە ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی كشایەوە و هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسی لە دژی ئێران كرد. سەرەتای ئەمساڵ نرخی هەر دۆلارێك سێ هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستە دەبێت نزیكەی شەش هێندەی ئەو پارەیەت پێ بێت بۆ ئەوەی بتوانی دۆلارێك بكڕی.

10 ساڵ لەمەوبەر نرخی هەر دۆلارێك هەزار تمەن بوو نرخی دۆلار 17 هێندە بەرانبەری بەهێز بووە و دەرخەری ئەو راستییەیە ئابووری ئێران رووی لە داڕمانە و پێشبینی دەكرێت تمەن زۆر لەمە زیاتر بشكێت و بەهایەكی ئەوتۆی نەمێنێت.



وشە - سلێمان تاشان