بزانە رۆناڵدۆ لەسەر تۆمەتی دەستدرێژی ئافرەتە ئەمەریكییەكە چ دەڵێت؟

:: PM:12:53:02/10/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی وەڵامی ئەو تۆمەتەی دایەوە كە كراوەتە سەری سەبارەت بە دەستدرێژی سێكسی لە ئافرەتێكی ئەمەریكی لە ساڵی 2009.

رۆناڵدۆ لە تۆمارێكی ڤیدیۆیی لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام) دەڵێت: ئەوانەی ئەم هەواڵە بڵاو دەكەنەوە دەیانەوێ لەسەر حیسابی من ناوبانگ بەدەست بێنن، بۆیە ئەمە كارێكی ئاساییە بۆ ئەوان.

هەروەها دەڵێت: پێموایە ئەم تۆمەتانەش بۆ من دەبێتە بەشێك لە دروستكردنی ناوبانگی زیاتر و سەركەوتنەكانم لە یاری تۆپی پێدا، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی من دڵخۆشم و هەموو شتێكیش بەباشی بەڕێوە دەچێت.

رۆناڵدۆ چەند رۆژێك پێش ئێستا داوای لە پارێزەرە تایبەتییەكانی كردبوو داوای یاسایی لەسەر رۆژنامەی (دێر شپیگڵ)ی ئەڵمانی تۆمار بكەن و داوای قەرەبووكردنەوە بكەن، ئەم رۆژنامەیە بۆ یەكەمجار هەواڵەكەی بڵاو كردبووەوە.

لای خۆشییەوە پۆلیسی شاری لاس فیگاسی ئەمەریكا كە رووداوەكەی تێدا ئەنجامدراوە، دەستی كردووە بە دووبارە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم تۆمەتەكان.

پۆلێسی شاری لاس ڤیگاس دانی بەوەدانابوو كە شەوی 13ی حوزەیرانی ساڵی 2009 تەلەفۆنیان لەلایەن ئافرەتێكی نەناسەوە پێ گەیشتبوو و تێیدا داوای یارمەتی لە دەزگاكانی تەناهی كردبوو و بەهۆی دەستدرێژكردنە سەرییەوە، بەڵام ئەو كات بەهۆی پچڕانی تەلەفۆنەكە هەڕەشەلێكراوەكە و شوێنكەیان بۆ ئاشكرا نەببوو.

بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی (دێر شپێگڵ) ئەم ئافرەتەی رۆناڵدۆ دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەری، خۆی رووداوەكەی بۆیان گێڕاوەتەوە دەڵێت "لە ساڵی 2009 دوای ئەوەی رۆناڵدۆ ریزی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی جێهێشتووە و بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئیمزا كردووە بۆ بەسەربردنی پشوو هاتۆتە ئەمەریكا و ئەویش لە شاری لاس ڤیگاس لە یانەیەكی شەوانە چاوی پێ كەوتووە و دوای بەسەربردنی چەند سەعاتێكی شەو لەگەڵی چۆتەوە هۆتێل و بەزۆر دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەری، بۆ بێ دەنگكردن و داپۆشینی رووداوەكەش بڕیارێك پارەی پێداوە.

رۆناڵدۆ پێشتریش چەند جارێكی تر هەموو ئەم تۆمەتانەی رەتكردبووەوە و جەختی كردبووەوە كە بۆ ناوزڕاندن و شكاندنی كەسایەتی ئەوەوە ئەم هەواڵە بڵاو كراوەتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م