ئاشكرا بوو.. باوكی بازرگانێكی گەورەی ماددەی هۆشبەر بووە

:: AM:10:26:04/10/2018 ‌

خۆرخێ رۆدریگیزی باوكی جۆرجینای خۆشەویستی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بە تۆمەتی كاری بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و كۆكایین تا ئێستا بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ ژیانی لە زیندان بەسەر بردووە.

رۆدریگیزی كە ئێستا تەمەنی 69 ساڵە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2003 لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە بە بازرگانێكی مەترسیدار و گەورەی ماددەی هۆشبەر و كۆكایین ناسێنرا و بەو هۆیەشەوە سزای دەستگیركردنی بۆ ماوەی 10 ساڵ بۆ دەركرا.

رۆدریگیز باوكی جۆرجینای تەمەن 23 ساڵە كە پێشبینی دەكرێ ببێتە هاوسەری داهاتووی رۆناڵدۆ دوای ئەوەی پارساڵ منداڵێكی بەناوی ئالانا مارتینای لەم ئەستێرە گەورەیەی تۆپی پێی ئەوروپا و جیهان هێنایە سەر دنیا.

رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: رۆدریگیز لە ساڵی 2003 هەوڵی دابوو 100 كگم كۆكایین لە ئیسپانیا بۆ فڕەنسا بگوازێتەوە و لەبەرامبەریشدا 100 هەزار پاوەن وەربگرێ، بەڵام لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات دەستگیركرا و بەهۆیەوە سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا.

لە ساڵی 2008 باوكی جۆرجینا لە زیندان هاتە دەرەوە، دوای ئەمە بەماوەیەكی كەم دووبارە دەستی بەم كارە ناپەسەندە كردەوە و ئەمجارە لەسەر سنووری نێوان مەغریب و ئیسپانیا بە بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەر دەستگیركرایەوە بەو هۆیەشەوە تا ساڵی 2013 لە زیندان مایەوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە هەرچەندە رۆدریگیز ئێستا ئازادە و بەرووكەش وازی لە كاری بازرگانیكردنی ماددەی هۆشبەر هێناوە، بەڵام زانیاری هەیە تا ئێستاش وازی لە كارەكە نەهێنابێت و بەشێوەی نهێنی لەسەر ئەم كارە بەردەوامبێت.

وێنە.. خۆرخێ رۆدریگیز باوکی جۆرجینا



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م