پارە لە شوێنی بەشە خۆراكی مانگانە دابەش دەكرێ‌؟

:: PM:08:17:09/10/2018 ‌
بەرپرسێكی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان نوێترین زانیاری لەسەر چارەنووسی بەشە خۆراكی مانگانە دەخاتەڕوو ئاشكرای دەكات ئێستە ئەوان خۆراكی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ دابەش دەكەن.

شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراكی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوان بەردەوامن لە دابەشكردنی خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان و ئێستە خۆراكی مانگی حەوت دابەش دەكەن كە برنج و شەكر و رۆنە.

زیاتر گوتی، كوالێتی خۆراكەكان زۆر باشە و هەر مادەیەك لە باشی جۆرەكەی دڵنیا نەبین دابەشی ناكەین. روونیشی كردەوە كە تا ئێستە هیچ بڕیارێكیان لە بارەی قەرەبووكردنەوەی بەشە خۆراكی فەوتاوی مانگانە بە پارە بۆ نەهاتووە.

لەبارەی ئەوەی گوایە لە كابینەی نوێدا خۆراكی مانگانە نامێنێت و لەبری ئەوە پارە دەدرێت بەرپرسەكەی دابەشكردنی بەشە خۆراك لە سلێمانی گوتی، هیچ بڕیارێكی لەو جۆرە نەهاتووە بۆمان .

هاوكات ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ "وشە" گوتی، بەهۆی ئەوەی پەرلەمان هێشتە بە تەواوی لیژنەكانی دیار نەكردووە و حكوومەتی نوێی عێراق پێك نەهاتووە هەرچ شتێك لەو بارەوە بڵێی قسەی زیادەیە و هیچمان نەبیستووە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە هاووڵاتییان بەردەوام گلەییان لەو بەشە خۆراكە هەیە كە لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێ‌ بەهۆی نزمی كوالێتییەكەی.

هاوكات بەشێك لە میدیا عەرەبییەكان هەواڵی ئەوەیان بڵاو كردووەتەوە كە لەكابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بۆ هەر كەسێك بڕی 15 دۆلار مانگانە دابەش دەكرێ‌.

سلێمانی/ هەستیار



وشە - سه‌رخێڵ هاشم