رۆناڵدۆ سزای یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) دەدات

:: AM:09:49:11/10/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بڕیاریداوە سزای یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) بدات و بەشداری لە یارییەكانی خولی نەتەوەكانی ئەوروپا لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال نەكات.

رۆناڵدۆ لە یەكەم یاریی بە درێسی یانەی یۆڤێنتۆس لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا بە كارتی سوور كرایە دەرەوە، هەروەها لەلایەن یوفاوە خەڵاتی باشترین یاریزانی 2018ی ئەوروپای پێ نەدرا و درایە لوكا مۆدریچی ئەستێرەی كڕواتی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.

رۆژنامەی (توتو میركاتۆ)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: رۆناڵدۆ پێیوایە بەم دواییە و دوای جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید و پەیوەندیكردنی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە بە ئاشكرا لەلایەن یوفاوە غەدری لێ دەكرێ.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە رۆناڵدۆ بڕیاریداوە وەك بەرهەڵستییەك بەرامبەر ئەو غەدرانەی بەم دواییە لەلایەن یوفاوە لێی كراوە، بەشداری لە یارییەكانی خولی نەتەوەكانی ئەوروپا نەكات كە ئەمساڵ یەكەتییەكە بۆ یەكەمجار ئەنجامی دەدات و هەڵبژاردەی پورتوگال و سەرجەم هەڵبژاردەكانی تری ئەوروپا تێیدا بەشدارن.

رۆناڵدۆ دەیەوێ بەم هەڵوێستەی زەرەرێكی گەورە لە یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا بدات كە بە ئەستێرەی یەكەمی بەشداربووی پاڵەوانیەتییەكە دادەنرێ دوای بەشداری نەكردنی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینییەوە.


ئەمە لە كاتێكدایە كە رۆناڵدۆ دوای یارییەكانی مۆندیال رایگەیاندبوو كە بەشداریی هیچ یارییەكی هەڵبژاردەی پورتوگال ناكات و بەتەواوی خۆی بۆ یارییەكانی یانەی یۆڤێنتۆس ئامادە دەكات.

دوایین یارییەكانی رۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال لە مۆندیالی 2018ی رووسیا بوو كە لە قۆناغی 16 كرانە دەرەوە و لەم پاڵەوانیەتییەش توانیبووی 4 گۆڵ تۆمار بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م