پلانی یانەی ریال مەدرید بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هازارد ئاشكرا بوو

:: AM:11:22:11/10/2018 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد كە یانەی ریال مەدرید بەكردار دەستی بە هەوڵەكانی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی كردووە.

رۆژنامەی (ئاس) پلانەكەی یانەی ریال مەدریدی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هازارد ئاشكرا كرد ئەویش گرێبەستكردنە لەگەڵیدا بەشێوەیەكی سادە و ئاسان.

بەگوێرەی سەرچاوەكە یانەی شاهانە دەیەوێ بە 2 پلان گرێبەستی هازارد بەدەستبێنێ، ئەسەرتا لە قۆناغی یەكەمدا و لەسەرەتای ساڵی نوێ دەستەوارەیەك بە بەهای 90 تا 120 ملیۆن یۆرۆ پێشكەش بە یانەی چێڵسی دەكات بۆ دەستبەرداربوون لەم ئەستێرەیەی.

ئەگەر یانە ئینگلیزییەكە بەم دەستەوارەیە رازی نەبوو كە پێشبینیش دەكرێ بەمە رازی نەبێت، یانەی ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا هەوڵێكی تر دەداتەوە، بەڵام ئەمجارە 80 ملیۆن یۆرۆ پێشكەش بە یانەی چێڵسی دەكات.

یانەی ریال مەدرید پێیوایە ئەگەر لە قۆناغی یەكەم سەركەوتوو نەبێت، ئەوا لە قۆناغی دووەمدا یانەی چێڵسی خۆی ناچار دەبێت بە داواكەیان رازی بێت، چونكە دوای شەش مانگ لە وادەكەی ناچار دەبێت بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر دەستبەرداری بێت بەهۆی نزیكبوونەوەی تەواوبوونی گرێبەستەكەی كە لە 2020 كۆتایی پێ دێت.

بێگومان یانەی چێڵسیش لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەی یانەی ریال مەدرید دەستەوسان نابێت و لەم ماوەیەدا هەوڵ دەدات گرێبەستەكەی لەگەڵ هازارد نوێ بكاتەوە، ئەگەر لەمەدا سەركەوتووبێت یانەی شاهانە ناچار دەبێت یان دەستبەرداری بیرۆكەی گرێبەستی هازاردبێت یانیش پارەیەكی زەبەلاحی پێ بدات.

جێی باسە رۆژنامەی (تەلیگراف)ی ئینگلیزی دوێنێ چوارشەم رایگەیاند كە هازارد لە ئێستادا چاوەڕێی بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید دەكات بۆ ئەوەی دەستەوارە پێشكەش بە یانەی چێڵسی بكەن بەمەبەستی گرێبەستكردن لەگەڵیان و بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئەمە نەكەن ئەوا ناچار دەبێت گفتوگۆكانی لەگەڵ یانەكەی دەست پێ بكات بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م