شارەزایەك: پەسندكردنی بودجەی عێراق دەكەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو


دوێنێ لە راگەیاندنەكانی عێراق رەشنووسی بودجەی 2019ی عێراق بڵاو كرایەوە كە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بۆ پەسندكردنی، شارەزایەكی داراییش دەڵێت، بەهۆی پێك نەهاتنی حكوومەتی نوێ و سەرقاڵی پەرلەمانی عێراق بە پێكهێنانی حكوومەت، پەسندكردنی بودجەكە دەكەوێتە سەرەتای 2019. 

داود عەبد زایەر، ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند، ئێستە پەرلەمان توانای پەسندكردنی بودجەی گشتیی 2019ی عێراقی نییە و ئەو پرسە بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو دوا دەخرێت بەهۆی پێك نەهێنانی كابینەی حكوومەت و سەرقاڵی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان بە پرسی پێكهێنانی.

زیاتر گوتی، دەبوایە بەر لە سێ مانگ بودجەی 2019 تاوتوێ بكرایە، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەو قۆناغە پڕ لە ململانێی بەدوایدا هات ئەوە نەكرا، بۆیە پێشبینی دەكرێت پەسندكردنی بودجەی نوێ بكەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو.

دوێنێ ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری عێراق ئاشكرای كرد كە وەزارەتی دارایی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراقی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بەمەبەستی پەسندكردنی و دووپاتی كردەوە كە بڕی بودجەكە زیاتر لە 128 ترلیۆن دینارە و بڕی كورتهێنانیش زیاتر لە 22 ترلیۆن دینارە.

زیاتر گوتی، لە پڕۆژەیاساكەی وەزارەتی دارایی پشكی هەرێمی كوردستان 12.67% دیاری كراوە و دەبوایە پڕۆژەكە لە هەشتی ئەم مانگە رەوانەی پەرلەمان بكرایە. روونی كردەوە، داهاتی دەستكەوتوو بەپێی پڕۆژەیاساكە دەگاتە زیاتر لە 105 ترلیۆن دینار، لەو كاتەی كۆی خەرجییەكان دەگاتە زیاتر لە 128 ترلیۆن دینار، هەروەها رێژەی كورتهێنان لەو بودجە بە زیاتر لە 22 ترلیۆن دینار پێشبینی كراوە و بودجەی بەكارخستن زیاتر لە 95 ترلیۆن دینارە و بودجەی وەبەرهێنانیش زیاتر لە 32 ترلیۆن دینارە. 

رەشید رای گەیاند، روونی كردەوە، هەرچی هەرێمی كوردستانە زیاتر لە هەشت ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە بە رێژەی 12.67%ی بودجەی عێراق و ئاماژەی كرد، زیاتر لە 126 ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان دانراوە و بودجەی وەبەرهێنانی تایبەت بە هەرێم زیاتر لە 102 ملیار دینارە، بۆیە كۆی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2019 تەرخان كراوە نزیكەی نۆ ترلیۆن دینارە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:06:31:11/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌