نرخی نەوت زیارت دابه‌زى

:: PM:12:25:12/10/2018 ‌
تا ڕۆژى چوارشەم 10ى تشرینى یه‌كه‌مى نرخی نەوت بۆ سەرووی 85 دۆلار هەڵكشا، بەڵام دواتر ڕووی لە دابەزین كرد و ئەو دابەزینەش تا ئێستە بەردەوامە.

ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 80 دۆلار و 70 سەنت دەفرۆشرێت كە نزمترین نرخە لەم مانگەدا تۆمار كرابێت. بەگوێرەی "dailyfx" هاوكات نرخی نەوتی تەكساس دابه‌زى بۆ 71 دۆلارەوە بۆ 45 دۆلار دابەزی.

دابەزینی نرخی نەوت پێوەندی بە رەوینەوەی ئەو نیگەرانییانە هەیە كە لە دوای سزادانی ئێران بۆ سەر بازاڕی نەوت دێتە كایەوە.

ترسی گەورەی ئەمەریكا و وڵاتان ئەوەیە دوای رێگریكردن لە فرۆشتنی نەوتی ئێران، پێداویستی بازاڕ دابین نەكرێت، بەڵام سعوودیە بە كردەنی خەریكی دابینكردنی ئەو پێداویستییەیە و ئەمەش هۆكار بووە لە دابەزینی نرخی نەوت.

سعوودیە بەڵێنی داوە بەشێكی بەرچاو لە پێداویستی هیندستان بە نەوت دابین بكات و رێ نەدات نەناردنی نەوتی ئێران كێشە دروست بكات.

لە لایەكی ترەوە هەناردەی نەوتی لیبیاش گەیشتەوە یەك ملیۆن بەرمیل كە بۆ هاوسەنگ راگرتنی نرخی نەوت بە گرنگ هەژمار دەكرێت.

ئەمەریكا بڕیاری داوە لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات كە ئەگەر جێگرەوەیەكی بۆ نەدۆزرێتەوە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. چاودێرانی بازاڕی نەوت پێشبینی ئەوە دەكەن ئەگەر ئەمەریكا رێ نەدات نەوتی ئێران بفرۆشرێت، ئەوا نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز دەبێتەوە.

بازاڕ گرێ دراوە بە ئاستی خستنەڕوو و داخوازی و هەر كاتێك سەرووی پێداویستی بازاڕ نەوت خرایەروو، ئەوا نرخەكەی دادەبەزێت و كەمبوونەوەی هەناردەش بەرانبەر بە داخوازی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

پێویستە بگوترێ لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە دەست بە سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەكرێت كە قۆناغی دووەمی سزاكانە و كەرتی نەوت و وزە دەگرێتەوە.

هه‌روه‌ها هەر جۆرە كێشە و جەنگێك لە نێوان دوو وڵاتی زلهێزی ئابووری، كاریگەری بۆ سەر پاشەكشەی ئابووری دنیا دەبێت و لەو كاتەشدا نرخی نەوت دادەبەزێت كە چەرخی پیشەسازی دنیای پێ هەڵدەسووڕێت.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە ڕووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت.


وشە - محەمەد میران