له‌مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ، بڕی زیاتر له 10 ته‌ن شوتی ئێرانی له‌ناوبرا و زیاتر له 25 ته‌ن قه‌یسى وشكیش، به‌هۆی خراپی و نه‌شیاوی بۆ به‌كارهێنان، ڕه‌وانه‌ی وڵاتی ئێران كرایه‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه ئه‌زوه‌ر مه‌حمود، سه‌رپه‌رشتیاری مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ، له لێدوانێكى به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، بارێكی قه‌یسی وشك، كه بریتی بوو له بڕی 25 ته‌ن و 300 كیلۆگرام، له‌وڵاتی ئێرانه‌وه هێنرایه ناو مه‌رزی باشماخ، له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی یه‌كه‌ی پشكنینی خۆراك پشكنینی بۆ كرا، به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌و بڕه زۆره قه‌یسیه‌ی ناو باره‌كه، كرمی تێدابووه و شیاو نیه بۆ به‌كارهێنان، دواتر به‌پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك، بڕیاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و باره قه‌یسیه درا و گه‌ڕێنرایه‌وه بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران.
ناوبراو، گوتیشی، هاوكات پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی كه‌ره‌نتینه‌ی كشتوكاڵی باشماخه‌وه، پشكنین بۆ بارێك شوتی ئێرانی كرا، كه بڕه‌كه‌ی بریتی بوو له 10 ته‌ن و 10 كیلۆگرام، ده‌ركه‌ت شوتیه‌كه خراپ بووه و شیاو نییه بۆ به‌كارهێنان و به‌م هۆیه‌وه، بڕیاردرا به له‌ناوبردنی ئه‌م باره له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌نده‌وه.
مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ، یه‌كێكه له‌چوار مه‌رزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان و نزیكه‌ى شه‌ش كیلۆمه‌تر له‌شارۆكه‌ى پێنجوێنه‌وه دووره و هاوسنووره له‌گه‌ڵ شارۆكه‌ى مه‌ریوانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان و ڕۆژانه كاروبارى بازرگانى و گه‌شتیارى له نێوان هه‌رێم و ئێران لێوه ئه‌نجامده‌درێت.
پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنى