برانسۆن بۆچی گیرا و بۆچی ئازاد كرا؟

:: PM:09:12:14/10/2018 ‌

بەر لەوەی داداگای توركیا بڕیاری ئازادكردنی ئەندریۆ بڕانسۆن قەشە ئەمەریكاییەكە بدات، هەواڵی رۆژنامەكانی ئەمەریكا باسی دەستەوارەیەكی نهێنیان لە نێوان ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كرد كە پێشتر لەو بارەوە گوتبووی، تا من لەژیاندا ماوم ئەو تیرۆریستە ئازاد ناكرێت، دوای ئەوە لە لێدوانێكی تری هەوڵی پێكهاتنی لەگەڵ ئەمەریكا دا و گوتی، تۆ قەشەكەی خۆت ببەوە و قەشەكەی ئێمەیش رادەست بكەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ فەتحوڵا گوڵەن كە لە ئەمەریكا دەژی.

بۆیە كەسانێك وای لێك دەدەنەوە كە تەنگژەی ئەو قەشە ئەمەریكاییە كە بەو هۆیەوە سزا خرایە سەر توركیا و بەهای لیرەی ئەو وڵاتە لە دابەزیندا گەیشتە ژمارەیەكی پێوانەیی لە نوێترین زنجیرە جەنگە هەڵخەڵەتێنەرەكانی ئەردۆغان بێت كە لەسەری راهاتووە. 

كلێسای زیندووبوونەوە "قیامە"، دەكەوێتە یەكێك لە كۆڵانەكانی كۆن و دوواوەی ناچەی "سنجاك"لە شاری ئیزمیری كەناراوی رۆژئاوای توركیا، ئەو كلێسا بچووكەی لە یەك نهۆم پێكهاتووە كە رووبەرەكەی چەند مەترێكە و تەنیا لەوحەیەك ئاماژەی بۆ دەكات و بە توركی لەسەری نووسراوە "دیرلیش كلیسیسی"، لەپاڵ پەنجەرەیەكی بچووك كە ژمارەیەك كتێبی كریستیانی لەسەر دانراوە لەسەری نووسراوە "كتێب بۆ دیاری".

كلێساكە 25 هامشۆكاری هەیە لەلایەن ئەندریۆ برانسۆن قەشەی ئەمەریكایی لە 2010 هاتە دامەزراندن دوای جیابوونەوەی لە كلێسای "یەنی دوغووش" كە لە 1993 دوای هاتنی بۆ توركیا پێوەندی پێوە كرد. بۆیە ئەو لە كلێساكەی مایەوە تا گرتنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیا لە 2016 و بەو شێوەیە بووە یەكێك لە دیارترین كەسایەتییەكان لەسەر ئاستی جیهان، ئەوەیش دوای ئەوەی گرتنی بووە هۆی نانەوەی یەكێك لە تەنگژە گەورەكان لە مێژووی پێوەندییەكانی توركیا-ئەمەریكا.

لە ماوەی رابردوو بەهۆی تەنگژەی گرتنی ئەو قەشە ئەمەریكاییە لەلایەن توركیا بەر لە دووساڵ و رەتكردنەوەی ئەنكەرە بۆ ئازادكردنی، ئاڵۆزییەكی گەورە كەوتە نێوان توركیا و ئەمەریكا كە وای كرد دۆناڵد ترەمپ زنجیرەیەك سزا بخاتە سەر ئەو وڵاتە و بەهای لیرەی توركی تا ئاستێكی پێوانەیی دابەزێت، تا رادەی شارەزایانی ئابووری وریاییان لە داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتە دا ئەگەر دۆخەكە وا بەردەوام بێت.

برانسۆن لە 1968 لە گوندی "بلاك مۆنتان" لە ویلایەتی نۆرس كارۆلینای ئەمەریكا لەدایك بووە، كە ناوچەیەكی دیندارە بە ئاینی كریستیان و خۆی و هاوسەرەكەی سەر بە كلێسای ئەنجیلین و دوای هاتنیان بۆ ئەزمیری توركیا دوو منداڵیان لەوێ لەدایك بووە، بەڵام نۆی كانوونی دووەمی 2016 رۆژێكی ئاسایی نەبوون كاتێك دەسەڵاتدارانی توركیا برانسۆنیان گرت و دۆسیەی گرتنی بووە سەردێری ئەجیندا سیاسییەكان و راگەیاندنەكانی هەردوو وڵات لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا.

دەسەڵاتداراتی توركیا تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ كودەتا شكستخواردووەكەی ئەو وڵاتەیان دایە پاڵ ئەو قەشەیە لەوانە بەكر باز كە رای كردووە، یەگشتی دەسەڵاتدارانی توركیا چەند هەفتەیەك لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ برانسۆن كرد و چەند تۆمەتێكیان ئاراستە كرد لەوانە سیخوڕیكردن و هاوكاریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان و رێكخراوی گوڵەن، بۆیە ئەو دوای سێ مانگ لە كودەتا شكستخواردووەكەی 16ی حوزەیرانی 2016 هات و توركیا گوڵەنی بە پیلانداڕێژەری لەقەڵەم دا. بۆیە داواكاری گشتی داوای زیندانیكردنی بۆ ماوەی 35 ساڵ كرد.

برانسۆن لای خۆیەوە هەموو تۆمەتەكانی توركیا رەت دەكاتەوە و دەڵێت هیچ پێوەندییەكی بە رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە نییە، دوور لەو تۆمەتانەی باس كران، میدیاكانی توركیا باسی ئەوەیش دەكەن كە چەند تۆمەتێكی تر ئاراستەی برانسۆن كراوە لەوانە سەركردایەتیكردنی بۆ تۆڕێكی سیخوڕیكردن بۆ بەرژەوەندی هەواڵگری ئەمەریكا كە زانیارییەكی زۆری لەبارەی دامەزراوە سەربازییەكانی توركیا كۆ كردووەتەوە.

دوور لەوانەیش ئەردۆغان گرتنی برانسۆنی بەهەل زانی بۆ دەستكەوتنی بەرانبەرێك لە ئەمەریكا و ترەمپ بۆ ئازادكردنی، ئەو یەكەم خواستی رادەستكردنەوەی عەبدوڵا گوڵەن بوو لەلایەن ئەمەریكا بۆ توركیا كە دواتر پاشەكشەی كرد و هەوڵی ئازادكردنی هاكان ئەتیلا، جێگری سەرۆكی بانكی خەلقی توركی دا كە لە ئەمەریكا گیراوە، بەڵام ترەمپ رەتی كردەوە كە هیچ سازشێك بكات بۆ ئەردۆغان و رووبەڕووی بووەوە، لێرە چاودێران دەڵێن كە ترەمپ سوودی لەو كەیسە بینی بۆ راكێشانی دەنگی كۆمارییە ئایندارەكان كە برانسۆن سەر بەوانە بەمەبەستی پاڵپشتیكردنی لە هەڵبژاردنی نویەیی كۆنگرێس لە پایزی داهاتوودا. 

دوور لەو تەنگژە سیاسی و ئابوورییەی نێوان ترەمپ ئەردۆغان، توركیا ترسی خراپبوونی تەندروستی برانسۆنی لە زیندان و مردنی هەبوو، كە ئەگەر هەر شتێك روو بدات تەنگژەی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەگەیشتە ترووپك و توركیا بەرگەی زیاتری نەدەگرت، جیا لە خراپیی دۆخی لیرەی توركیا و ئابووری ئەو وڵاتە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا و سیاسەتە داراییەكانی ئەردۆغان. كە چاودێران دوو چارەسەریان بۆ دۆخی توركیا دانا ئەوانیش باشتركردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا و پاڵپشتیكردنی زیاتری بانكی ناوەندی توركیا بۆ دراوی ئەو وڵاتە. 

لای خۆیەوە كەمال كولیچدارئۆغڵو سەركردەی پارتی گەلی بەرهەڵستكاری توركیا دەڵێت، لە دیدی پایەتەختەكانی بیانی و ئەمەریكا توركیا وەك دەوڵەتێكی سەروەری یاسا نەماوە، چونكە دادوەری تیایدا چیتر سەربەخۆ نییە، هەموو جارێك ئەنكەرە هاووڵاتییانی بیانی دەگرێت و دوای ماوەیەكیتر ئازادیان دەكات، ئەوەیش مانای ئەوەیە كە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان كراوە راستەقینە نییە.

بۆیە ئەو سەركردە بەرهەڵستكارە وای دەبینێت كە پرسی قەشە ئەمەریكاییەكە تەنیا بۆ پەردەپۆشی شكستە ئابوورییەكانی ئەردۆغانە و تەنگژەی ئابووری توركیا گەورەترە لە سزاكانی ئەمەریكا، بەتایبەتی ژمارەیەك لە شارەزایان بەر لە چەند مانگێك وریاییان لە هەرەسهێنانی بەهای لیرە دا، بەڵام كەس گوێی بۆ نەگرتن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل