سبەی ئەم شوێنانە مووچە وەردەگرن

:: PM:06:50:15/10/2018 ‌
دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و سبەی سێشەم 16ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، مووچەی چەند دامەزراوەیەكی تەناهیی لە هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێ‌.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێی دراوە سبەی سێشەم مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش دابەش دەكرێ‌.

وەك ئەوەی لە زانیارییەكاندا هاتووە، بە هەمانشێوەی ئەو دوو دەزگایە بڕیارە مووچەی زێرەڤانی و هێزەكانی بەرگری فریاكەوتنیش دابەش بكرێت.

ماوەی چەند مانگێكە وەزارەتی دارایی بە شێوەیەكی را نەگەیەنراو لە پێنجی هەر مانگێكەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكات و تا 25ی مانگ كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێنێت.

كۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان 725 ملیار دینارە كە 317 ملیاری حكوومەتی عێراق دەیدات و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابینی دەكات و مانگانەش ئەمەریكا 24 ملیار دینار راستەوخۆ وەك مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەشی دەكات.

بەهۆی تەنگژەی داراییەوە لە مانگی دووی ساڵی 2016ـەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بە سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچە فەرمانبەران دەكات، بەڵام پاشەكەوت تاوەكو كۆتایی ساڵی 2017 وەزارەتی پێشمەرگە ‌و بەشێك لە هێزە ئەمنییەكانی نەگرتەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم