یەكەی 70 زەوییەكی شەش دۆنمی لە سلێمانی داگیر دەكات

:: AM:08:01:16/10/2018 ‌
زەوییەك كە شەش دۆنم زیاترە، لەلایەن یەكەی 70ی سەربە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی یەكەكە، دەستی بەسەردا گیراوە و هاووڵاتییانی گەڕەكەكەیش ڕای دەگەیەنن، "پێشتر ئەو زەوییە لەلایەن شارەوانییەوە بۆ قوتابخانە دانراوە و ئێستە ڕێ نادەن داگیر بكرێت".

گەڕەكی زانیار و دابان لە سلێمانی دەكەوێتە نزیك فەرماندەیییەكانی یەكێتی و زیاتر لە هەزار و 200 ماڵ تێیدا نیشتەجێن، بەڵام تا ئێستە قوتابخانە لەو گەڕەكانەدا نییە و ئەو زەوییەشی بۆ پڕۆژەی قوتابخانە دانرابوو، ئێستە لەلایەن فەرماندەی یەكەی 70 دەستی بەسەردا گیراوە.

سەركۆ ئەحمەد دانیشتووی ئەو گەڕەكەیە و بە"وشە"ی گوت، ئەو زەوییەی لە ناوەڕاستی گەڕەكەكەدا هەیە، شەش دۆنم زیاترە و بەناوی كەسێكەوە بووە، بەڵام ئێستە یەكەی 70 دەڵێن ئەو زەوییە موڵكی وەزارەتی پێشمەرگەیە و دەتوانن بەكاری بێنن.

زیاتر گوتی، "لەو گەڕەكانە تەنیا ئەو موڵكە ماوە بۆ پڕۆژەی قوتابخانە بگونجێت و پێشتر بەڵێن دراوە بكرێت بە قوتابخانە، بەڵام ئێستە نازانین چۆن لە پڕێكدا بووە بە موڵكی یەكەی 70ی یەكێتی". ڕوونیشی كردەوە كە ئەوانەی لەو گەڕەكانە نیشتەجێن، هەمووان ماڵە شەهیدن و چەندان ساڵە بەبێ‌ قوبخانە و خزمەتگوزارین.

نەسرین نووری هاووڵاتییەكی تری ئەو گەڕەكەیە و بە"وشە"ی دەڵێ، یەكێتی لە كاتی بانگەشەدا بەڵێنی پێ داون كە ئەو زەوییە بكات بە قوتابخانە، بەڵام تەنیا چەند رۆژێك بەسەر هەڵبژاردندا رۆیشتووە، ئێستە دەیانەوێ زەوییەكە بەسەر دارودەستەكەیاندا دابەش بكەن. ئەو هاووڵاتییە داوایش دەكات زەوییەكە بكرێتە قوتابخانە.

لە بەرانبەردا محەمەد وەهاب ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، شێخ جەعفەر هیچ نەماوە دەستی بەسەردا نەگرێت، بۆیە كێشەی ئەو زەوییە پێویستە لە دادگا یەكلا بكرێتەوە.

لای خۆشیەوە كاسترۆ مەعرووف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە"وشە"ی گوت، پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن و سكاڵا تۆمار بكەن. دووپاتی كردەوە كە ئەو كێشەیە لە ڕێی سكاڵاوە دەتوانرێ كاری لەسەر بكرێ‌.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە تا ئێستە هاووڵاتییانی ئەو گەڕەكانە هیچ سكاڵایەكیان نەهێناوەتە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی.

لای خۆیەوە شارەوانیی سلێمانی دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو زەوییە دەكەوێتە سنووری شارەوانیی تاسڵووجە و پێوەندی بە شارەوانیی سلێمانییەوە نییە، بۆیە نایانەوێ‌ قسەی لەبارەوە بكەن.

سەربەست رەفیق بەڕێوەبەری شارەوانیی سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو زەوییە پێوەندی بە سنووری سلێمانییەوە نییە و ئاگاداری هیچ كێشەیەك نین، بۆیە پێویستە لەلایەن شارەوانیی تاسڵووجەوە ڕوونكردنەوە بدرێ‌.

"وشە" پێوەندی بە چەند بەرپرسێكی یەكەی 70ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە و سەرچاوەیەكی باڵا لەناو ئەو یەكەیە زانیارییەكانی بۆ "وشە" پشتڕاست كردەوە و ڕای گەیاند، ئەو زەوییە و ئەو خانووانەیشی لەو گەڕەكەدا هەن، دەكەونە سنووری موڵكەكانی یەكەی 70، بۆیە ئێستە داوای ئەو زەوییە كراوەتەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، یەكەی 70 بەنیازە ئەو زەوییانە بەكار بێنێت، بۆیە ئامادەیە لەڕێی دادگاوە ئەو كێشەیە یەكلا بكاتەوە، بەتایبەتی چەند پارچەیەك لەو زەوییانە پێشتر بە ناوی خەڵكەوە كراون.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم