پارەیەكی زۆر بە خانەی داڵدەدانی ژنانی هەولێر دەدرێت

:: AM:10:23:16/10/2018 ‌
لەلایەن ڕێكخراوێكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕە پارەیەكی زۆر بۆ خانەی داڵدەدانی ژنانی هەولێر و پەیمانگەی هانا دابین دەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستییەكانیان.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێردا هاتووە، رێكخراوی UNHCR بڕی 100 هەزار دۆلاری بۆ دوو پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان تەرخان كرد.

ئاماژە دراوە، لە كۆبوونەوەی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەكە و بەرپرسانی ئەو ڕێكخراوە، باس لەو‌ كەموكوڕییانە كرا لە خانەی داڵدەدانی ژنان و پەیمانگەی هانا بەدی دەكرێن و رێكخراوی UNHCR بڕیاری دا بڕی 100 دۆلار تەرخان بكات بۆ نەهێشتنی ئەم كەموكوڕییانە.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە ئاشكرا كراوە، رێكخراوەكە ئەركی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و ئەندازیارانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، ئەركی سەرپەرشتیی پڕۆژەكە لە ئەستۆ دەگرن.

خانەی داڵدەدانی ژنان یەكێكە لەو شوێنانەی ئەو ژنانەی لێ‌ كۆ دەكرێتەوە كە هەڕەشەی كوشتنیان لەسەرە و ناتوانن لەناو خێزانەكەیان ژیان بكەن.



وشە - رامیار جەواد