پۆگبا بەتەواوی لە پەیوەندیکردن بە یانەی بەرشەلۆنە نزیك بۆتەوە

:: AM:10:33:16/10/2018 ‌

بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەكان، پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بەتەواوی لە پەیوەندیكردن بە یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوو نزیك بۆتەوە.

یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا هەوڵێكی زۆری بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ پۆگبا دابوو و چەند دەستەوارەیەكی فەرمیشی بۆ ئەم مەبەستە پێشكەش كردوو، بەڵام یانەی مانچستەر یونایتد رەتی كردبووەوە دەستبەرداری ببێت.

ماڵپەڕی (رای سپۆڕت)ی جیهانی ئاشكرای كرد: مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری كارەكانی پۆگبا پەیوەندی بە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە كردووە بۆ ئەوەی دەست بە كارەكانی گواستنەوەكەیان بۆ یاریگەی كامپ نوو بكەن.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە هەردوولا بەشێوەی سەرەتایی لەسەر گواستنەوەی پۆگبا رێككەوتوون، ئەوەی ماوە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد لەسەر بەهای گرێبەستەكە رێك بكەون.

جێی باسە پۆگبا بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد ماوەیەك پێش ئێستا بڕیاری جێهێشتنی یاریگەی ئۆڵد ترافۆردی راگەیاندبوو.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م