ماوه‌ی سێ ڕۆژه به‌هۆی كێشه‌كانیان شوفێرانی هه‌رێمی كوردستان له مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ كۆبوونه‌ته‌وه، له شه‌وی ڕابردووه‌وه‌ش تا ئێسته هێزه ته‌ناهییه‌كانی ناوچه‌كه به‌ربوونه‌ته گیانی شوفێرانی مانگرتوو و ژماره‌یه‌كیان گرتوون و هه‌ندێكیشیان برینداركردوون، ئێسته‌یش داوای شوفێرانی ناڕازی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌رزی باشماخه.
ئاراس حاتم یه‌كێك له نوێنه‌ری شوفێرانی مانگرتووی مه‌رزی باشماخ به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، سێ ڕۆژه وه‌ك شوفێرانی هه‌رێم، به‌هۆی ئه‌و بێڕێزیییه‌ی له‌لایه‌ن ئێرانییه‌كانه‌وه به ئێمه ده‌كرێ، مانمان گرتووه و ناتوانین به‌وشێوه‌یه كار بكه‌ین.
ئاماژه‌ی دا، هه‌رچه‌ند دوێنێ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كارگێڕی و حكوومی مه‌رزی باشماخ كۆبووینه‌وه، ئه‌وان به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی به‌شێك له داواكانیان پێداین، به‌ڵام هێشتا هه‌ر قسه‌یه و له واقیع هیچ كردارێكی به‌دوادا نه‌هاتووه.
نوێنه‌ری شوفێرانی مانگرتوو ڕوونی كرده‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆری هێزه‌كانی ئاسایش له دوێنێ شه‌وه‌وه هاتنه ناو مه‌رزه‌كه و چه‌ندان شوفێریان گرتووه و ژماره‌یه‌كیش به‌هۆی ته‌قه‌ی ئه‌وانه‌وه برینداربوون، به‌شێك له هاوڕێكانیشمان چوونه‌ته به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش له شاری سلێمانی و ماڵی تاڵه‌بانی له ده‌باشان داوای چاره‌نووسی گیراوان ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی نووسراوێكی شوفێرانی مانگرتووی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست "وشه" كه‌وتووه و تێیدا هاتووه، داواكانمان بریتین له ده‌ستبه‌جێ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌رپرسی ده‌روازه و سه‌رجه‌م به‌رپرسانی تر، ئه‌مه‌یش به مه‌رجی سه‌ره‌كی داده‌نێین بۆ شكاندنی مانگرتنه‌كه‌مان.
مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ یه‌كێكه له مه‌رزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، شه‌ش كیلۆمه‌تر له شارۆكه‌ی پێنجوێنه‌وه دووره و ڕۆژانه به ڕێژه‌یه‌كی زۆر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی هاووڵاتییان و گه‌شتیارانی لێ ئه‌نجام ده‌درێت.
پێنجوێن/ڕێبین پێنجوێنی.